ئەفسەرێكی پۆلیسی عێراق لە كەركووك كوژرا

ئەفسەرێكی دیكەش برینداربوو

K24 - ھەولێر

پێكدادانێكی چەكداری لە رۆژئاوای كەركووك، كوژرانی ئەفسەرێكی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق و برینداربوونی یەكێكی دیكەی لێكەوتەوە.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە پارێزگای كەركووك رایگەیاند، لە ئەنجامی پێكدادانێكی چەكداری لە گوندی بەریە حەلوات رۆژئاوای كەركووك، كوژرانی ئەفسەرێكی پۆلیسی فیدڕاڵی عێراق بەپلەی ملازمی یەك و برینداربوونی یەكێكی دیكە بە پلەی رائد لێكەوتەوە، دوو چەكداری خۆكوژی داعشیش كوژراون.

لە باشووری شارۆچكەی قائیمی رۆژئاوای ئەنباریش، بۆمبێكی چێندراو تەقییەوە و لە ئاكامدا ئەفسەرێك بە پلەی عەقید كوژرا و ئەفسەرێكی دیكەش بە پلەی موقەدەم و سەربازێك برینداربوون.

دوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و داگیركردنی كەركووك و كشانەوەی پێشمەرگە لەو ناوچانە، ھێزەكانی عێراق نەیانتوانیووە دۆخی ئەمنی كەركووك و دەوروبەری كۆنترۆڵ بكەن.