بەرامبەر کڕنووش بردنی بۆ خودا لە مەککە زەوییەک بە محەمەد سەڵاح دەبەخشرێت

لە کاتێکدا پێدانی زەوی لە مەککە بە کەسی بیانی قەدەخەیە

لە بەرامبەر کڕنووش بردنی بۆ خودا، لە مەککە پارچە زەوییەک بە محەمەد سەڵاحی هێرشبەری میسری یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی دەدرێت.

رۆژنامەی سەبقی سعوودی ئاشکرایکردووە، فەهد روقی جێگری سەرۆکی شارەوانی مەککە بڕیاری داوە پارچە زەوییەک لە مەککە بە محەمەد سەڵاح بدات، ئەم بڕیارەی جێگری سەرۆکی شارەوانی مەککەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە، چونکە لە مەککە قەدەخەیە کەسانی بیانی ببنە خاوەنی پارچە زەوی.

بەگوێرەی میدیاکانی سعوودیە ئەو بڕیارەی فە‌هد روقی بەهۆی ئەو رەوشتە بەرزەی سەڵاحە کە لە کاتی یارییەکە هەیەتی و پێش هەموو یارییەک سوڕەتی فاتیحە دەخوێنێت و لە کاتی تۆمارکردنی گۆڵیش کڕنووش بۆ خودا دەبات، هۆکارێکی دیکەش بۆ ئەم بڕیارە ناونانی کچی سەڵاحە بەناوی مەککە.

گەرچی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێیانوایە ئەم بڕیارە ناتوانرێت جێبەجێبکرێت و فەهد روقی دەیەوێت لە رێگای ئەم بڕیارەیەوە ناوبانگ بۆ خۆی پەیدا بکات، بەڵام جێگری سەرۆکی شارەوەنی مەککە رایگەیاندووە، ئەگەر سەڵاع زەوییەکەی نەوێت دەتوانێت بۆ خۆی بیفرۆشێت و داهاتەکەی بۆ خۆی بێت.