جارێکی دیکە نرخی نەوت دابەزی

پێشبینییەکانی خواست نرخی نەوتی دابەزاند

K24 – هه‌ولێر:

نرخی نەوت لەگەڵ کرانەوەی یەکەم رۆژی هەفتەدا بە رەنگی سوور دەستی بە مامەڵەکان کرد، نرخی هه‌ر بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بۆ کەمترین ئاستی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2002 دابەزی.

مەترسییەکان ده‌ربارەی کەمبوونەوەی زیاتری خواست بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و هەڕەشەی سعوودیە و رووسیا بە خستنەڕووی بڕی زیاتری نەوت بۆ بازاڕەکان نرخی نەوتی زیاتر گوشارەکانی بۆ سەر نەوتی خاو زیادی کردووە.

گرێبەستەکانی داهاتووی نەوتی خاوی برێنت بە رێژەی 5.8% و 1.45 دۆلار بۆ ئاستی 23.48 دۆلار لەسەرەتای مامەڵەکان دابەزی، کە کەمترین ئاستی بووە لە دوو دەیەی رابردوویدا.

هەروەها گرێبەستە داهاتووەکانی نەوتی سووکی تێکساسیش بە رێژەی 3.8% بۆ 0.82 دۆلار بۆ 20.69 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دابەزی، هاوکات لە میانی مامەڵەکانی ئەمڕۆدا بۆ ئاستی 19.92 دۆلار دابەزینی تۆمارکرد بەوەش لە کەمترین ئاستەکانی 18 ساڵی رابردووی نزیک بووەوە.

ساتۆرۆ یۆشیدا شرۆڤەکاری کاڵا سەرەکییەکان لە راکۆتین سیکیۆریتز بۆ سیاسەتی نەختینەیی رایگەیاند، حکوومەتەکان پاکێجی پاڵپشتی پێشکەش دەکەن، بەڵام ئەوانە تەنیا رێوشوێنی پاڵپشتین و چارەسەری ریشەیی نین."

گووتیشی، تاوەکو ئەو کاتەی ئاماژەکان بە کۆتاییهاتنی ئەو پەتای دەرنەکەون، نرخی نەوت لە ژێر گوشاردا دەبێت و بۆ کەمتر لە ئاستی 20 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دادەبەزێت."

ئەمە لە کاتێکدایە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و جەنگی نرخ لە نێوان سعوودیە و رووسیا بە زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنان، بازاڕی نەوتی زیاتر شڵه‌ژاندووه‌.

هه‌روه‌ها سەرچاوەیەک لە وەزارەتی وزەی سعوودیە رایگەیاندوه‌، هیچ دانووستانێكیان لەگەڵ رووسیا نییە بۆ ئاسایی كردنه‌وه‌ی بازاڕ، سەرەڕای گوشارەکانی واشنتن بۆ سەقامگیرکردنەوەی بازاڕ و جێگریکردنەوەی نرخ، کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە 60% نرخەکەی لەدەستداوە.

بەوەش پێشبینییەکان تا دێت رەشبینتر دەبن و پێشبینی دەکرێت، خواستی جیهانی بۆ نەوت 15 بۆ 20 ملیۆن بەرمیل رۆژانە دابەزێت، بە رێژەی 20% بەراورد بە ساڵی رابردووی و شرۆڤەکاران دەڵێن، بۆ راستکردنەوەی بازاڕ پێویستە ئۆپێک بە شێوەیەکی بەرچاو ئاستی بەرهەمهێنان دابەزێنێت.

H.J