دادگا بڕیارێكی دیكه‌ی عه‌بادی ره‌تكرده‌وه‌

فه‌یاز له‌ پۆسته‌كه‌ی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت

K24 - هه‌ولێر:

فالح فەیاز، له‌ پۆسته‌كه‌ی خۆی وه‌ك سه‌رۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەست بەكاربووەوە، كه‌ پێشتر به‌ بڕیارێكی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی كاربه‌ڕێكه‌ری عێراق، له‌ پۆسته‌كه‌ی لادرابوو.

مەنسوور مەرعید، پەرلەمانتاری كوتلەى عەتا رایگەیاند، فالح فەیاز لە كارەكەی وەك دەزگای ئاسایشی نیشتمانی دەست بەكاربووەوە، ئەمەش دوای بڕیاری دادگای كارگێری عێراقی دێت، بە رەتكردنەوەی بڕیارەكەی حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەر، بۆ دوورخستنەوەی فەیاز لە پۆستەكه‌ی.

كۆتایی مانگی ئابی رابردوو، بەھۆی ئەوەی فەیاز، پشتی لە ھاوپەیمانێتی نەسر كرد، عەبادی ھەرسێ پۆستی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی، سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی دوورخستەوە.

فالح فه‌یاز، سه‌رۆكی كوتله‌ی عه‌تایه‌ و پێشتر له‌ چوار چێوه‌ی هاوپه‌یمانی نه‌سری عه‌بادی، به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری رابردوودا كرد، له‌ ماوه‌ی رابردووشدا به‌هۆی ناكۆكییه‌كانییان له‌گه‌ڵ عه‌بادی، له‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و نزیكه‌ی 12 ئه‌ندامیش هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ خۆی برد.

ئ. م