"مۆساد 3 هه‌زار كه‌سی به‌نهێنی كوشتووه"
K24 - هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی كتێبێكی نوێی توێژه‌ر و رۆژنامه‌وانی ئیسرائیلی، رۆنین بێرگمان، "مۆساد" 3000 كه‌سی كوشتووه.
رۆژنامه‌ی دێرشپیگڵی ئه‌ڵمانی له زاری ئه‌و توێژه‌ره ئیسرائیلییه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه و گوتوو‌یه‌تی: "به‌شێوه‌یه‌كی گشتی من قسه له‌باره‌ی 3000 كه‌س ده‌كه‌م، كه به‌شی زۆریان كه‌سانی بێ‌تاوانن و به هه‌ڵه و له شوێنی هه‌ڵه‌دا كوژراون".
بێرگمان له‌ژێر ناوی "شه‌ڕی سێبه‌ر، ئیسرائیل و پرۆسه‌كانی كوشتنی نهێنی مۆساد" رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو كتێبه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته بازاڕه‌كانه‌وه.
بێرگمان ته‌مه‌نی 45 ساڵه و یه‌كێكه له گه‌وره ریپۆرته‌ره‌كانی سوپا و هه‌واڵگریی له رۆژنامه‌ی "یه‌دیعوت ئه‌حره‌نوتی ئیسرائیلی" و یاسای خوێندووه.
هه‌روه‌ها له به‌رژه‌وه‌ندی داواكاری گشتی ئیسرائیل كاری كردووه و بڕوانامه‌ی دكتۆرای له مێژوو، له زانكۆی كامبریدج له‌باره‌ی توێژینه‌وه له‌سه‌ر مۆساد وه‌رگرتووه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نووسه‌ری كتێبه‌كه كه قسه‌ی له‌گه‌ڵ نزیكه‌ی 1000 كه‌س كردووه‌و له‌ناو ئه‌و ژماره زۆره‌دا 6 كه‌سیان سه‌رۆكی پێشووتری مۆساد بوون و 6 كه‌سی دیكه‌یان سه‌رۆكی حكومه‌ته‌كانی ئیسرائیل بوون، وه‌ك (ئێهوود باراك، ئێهوود ئۆڵمێرت و سه‌رۆكوه‌زیرانی ئێستا، بنیامین ناتانیاهو).
بێرگمان ده‌ڵێت: "ته‌نها له كاتی راپه‌ڕینی دووه‌مدا، فه‌رمانی ئۆپراسیۆنی كوشتنی ئامانجدار ده‌رچووه‌و 4 تا 5 ئه‌ندامی بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس كوژراون.
مۆساد یه‌كێكه له ده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كانی دامه‌زراوه‌ی هه‌واڵگریی ئیسرائیل كه هه‌واڵگریی سه‌ربازیشی له خۆگرتووه به‌ناوی "ئارامی" و ده‌زگای ئاسایشی ناوخۆ، به‌ڵام مۆساد لایه‌نی په‌یوه‌نداره به كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان و ئه‌نجامدانی ئۆپراسیۆنی نهێنی و ئیداره‌دانی پرۆسه‌كانی سیخوڕیكردن له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
مۆساد له 13ـی دیسه‌مبه‌ری ساڵی 1949 به رێنوێنی و فه‌رمانی "ده‌یڤید بن گۆریۆن" سه‌رۆكوه‌زیرانی ئه‌وكاتی ئیسرائیل دامه‌زراوه. ساڵی 1951 رێكخراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی راسته‌وخۆ بخرێته ژێر فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆكوه‌زیرانه‌وه.