"كاتی دەست پێشخەری نەماوە دەبێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە"

نابێ چیتر كات بە فیڕۆ بدرێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

دوای چەندین كۆبوونەوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و دروستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی، بەڵام لایەنەكان نەگەیشتن بە رێككەوتن، بەپرسێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێیوایە، نابێ چیتر كات بە فیڕۆ بدرێت پەرلەمان كارا بكرێتەوە.

رێباز بێركۆتی، كادیری پێشكەوتووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كوردستان24 راگەیاند: "پێویستە چیتر كاراكردنەوەی پەرلەامن وەك پرسێكی نیشتمانی قوربانی ھیچ ھێزێكی سیاسی نەكرێت، بەرپرسیاریەتی مێژووی گرنگ لەسەر شانی یەكێتی و پارتی و یەكگرتووە با بێن بەیەكەوە بڕیاری كۆتایی بدەن و دوای جەژن پەرلەمان كارا بكرێتەوە".

حاجی كاروان، پەرلەمانتاری كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت: "لەسەر بارودۆخی كوردستان و رێككەوتنی لایەنەكان پێشنیار و داواكاری و پڕۆژە زۆرە، بەڵام بەڵام جێبەجێ ناكرێ، ئەوەی خەمی ئێمەیە وەك یەكگرتوو كاراكردنەوەی پەرلەمان و پاڵپشتی كردنی ریفراندۆمە دەبێ ھەموومان كار بۆ سەرخستنی ریفراندۆم بكەین".