رۆیته‌رز: ئه‌مه‌ریكا و توركیا له باره‌ی منبج گه‌یشتنه رێككه‌وتن
K24 - هه‌ولێر:
ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز بڵاویكرده‌وه، ئه‌مه‌ریكا و توركیا له‌سه‌ر كارنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شارۆچكه‌ی منبج له باكووری سووریا گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و وڵاته، تیمی كاری هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا و توركیا، له ئه‌نقه‌ره‌ی پایته‌خت كۆبوونه‌وه و له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی سووریا رێككه‌وتوون.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، به‌رپرسانی هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌ك رێككه‌وتوون، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری یه‌ك بكه‌ن، له پێناو "ئاشتی و سه‌قامگیری له منبج".
به گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه، بڕیاره هه‌ریه‌كه له مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و مه‌ولوود چاوشئۆغلو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رۆژی 4ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی داهاتوو له واشنتن كۆببنه‌وه.
ئه‌و شارۆچكه‌یه له‌لایه‌ن شه‌ڕڤانانی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتیك (هه‌سه‌ده‌وه) له ژێر ده‌ستی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش ده‌رهێنردرا و ئێستا ئه‌نجوومه‌نی مه‌ده‌نی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پێكهێنراوه، به‌ڵام توركیا داوا ده‌كات ئه‌و هێزانه له شارۆچكه‌كه نه‌مێنن.
Joint Statement Following May 25 Talks in Ankara pic.twitter.com/lKaPNHUodE
— US Embassy Turkey (@USEmbassyTurkey) May 25, 2018