تابووتێكی "نه‌فره‌تلێكراو"ی پێش زایین دۆزرایه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له میسر رایگه‌یاند، شوێنی تابووتێكی نامۆی سه‌رده‌می فیرعه‌ونییه‌كان هه‌ڵكه‌ندراوه و تابووتی مۆمیایه‌كی گه‌نیوی تێدایه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی تابووته‌كه، بۆنێكی گه‌نیوی ناخۆش هاتووه، به‌و هۆیه‌وه تیمی كنه و پشكنینه‌كه، شوێنه‌كه‌یان جێهێشتووه.
به گوێره‌ی وێبسایتی "وطن"ی میسری، ئێستا ناوه‌نده‌كانی شوێنه‌وارناسی ئه‌وروپا و ناوخۆی میسر، مشتومڕی زۆری تێكه‌وتووه و هه‌ندێك مۆمیاكراوی ناو تابووته‌كه، بۆ سه‌رده‌می ئه‌سكه‌نده‌ر مه‌زن (356-323 پ. ز) ده‌گه‌ڕێننه‌وه.
به گوێره‌ی وێبسایته‌كه، سه‌ره‌تا وایانزانیوه تابووتێكی ئاساییه و به‌رده‌وام بوونه له هه‌ڵكه‌ندنی، به‌ڵام دواتر ورده ورده بۆنه‌كه‌ی زیادیكردووه، تا وای لێهاتووه له ترسی ئه‌وه‌ی زیانییان پێنه‌گات، شوێنه‌كه‌یان جێهێشتووه، پرۆسه‌ی هه‌ڵدانه‌وه‌ی تابووته‌كه‌ش، 1 تا 3 كاتژمێری پێده‌چێت.
مسته‌فا ئه‌لوه‌زیری، سكرتێری گشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای شوێنه‌وار، رایگه‌یاند، تابووته‌كه هی سه‌رده‌می به‌تڵه‌مییه‌كانه (305 – 30 پ. ز)ـه و له شاری ئه‌سكه‌نده‌رییه دۆزراوه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی لێدوانه‌وه‌ی ئه‌لوه‌زیری، تابووته‌كه گرانیتی ره‌شه و هیچ نه‌خش و نیگارێكی به‌سه‌ره‌وه نییه، به گوێره‌ی نیشانه ساده‌كانیشی، پێده‌چێت یه‌كێك بێت له پیاوانی په‌رستگا، یان كارمه‌ندان، نه‌ك پادشا و فیرعه‌ون و ئیمپراتۆره‌كان.
هیچ شتێك به‌ناوی نه‌فره‌تی فیرعه‌ونه‌كان بوونی نییه
سكرتێری گشتی ئه‌نجوومه‌نی باڵای شوێنه‌واری میسر، ره‌تیكرده‌وه به‌هۆی كردنه‌وه‌ی ئه‌و تابووته، خه‌ڵك به‌ر نه‌فره‌تی فیرعه‌ونییه‌كان بكه‌وێت، دووپاتیشی كرده‌وه هیچ شتێك له‌و نه‌فره‌تییانه‌وه بوونییان نییه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ته‌نها ئه‌فسانه‌یه‌كی شوێنه‌وارناسه بیانییه‌كانه گوایه ئه‌وه‌ی تابووتی فیرعه‌ونه مۆمیاكراوه‌كان بێزاربكات، دووچاری كێشه ده‌بێت.
تابووته‌كه به گه‌وره‌ترین تابووتی هاوشێوه‌ی خۆی داده‌نرێت كه دۆزرابێته‌وه، پارێزگاری ئه‌سكه‌نده‌رییه‌ش سه‌ردانی شوێنه‌كه‌ی كردووه و رایگه‌یاندووه، بوونی تابووته‌كه له‌و شوێنه، ئه‌وه پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه شارێكی كۆنی مێژوویی له‌و شوێنه هه‌یه.
پارێزگای ئه‌سكه‌نده‌رییه راشیگه‌یاند، تا ئێستا كه‌س نازانێت ئه‌و تابووته چی تێدایه و ئێستا وه‌زاره‌تی شوێنه‌وار كاری له‌سه‌ر ده‌كات، لێژنه‌یه‌كیش بۆ پشكنینی ئه‌و شتانه‌ی له‌ناو تابووته‌كه‌دا هه‌یه پێكهێنراوه.
سه‌ره‌تای مانگی ته‌ممووز/ یۆلیۆی ئه‌مساڵ، كه‌سێك له باكووری میسر دۆزینه‌وه‌ی تابووتێكی 30 تۆنی و گۆڕستانێكی مێژوویی راگه‌یاند، به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی شوێنه‌واری میسر، تابووته‌كه گه‌وره‌ترین تابووته كه له ئه‌سكه‌نده‌رییه دۆزراوه‌ته‌وه، به‌رزییه‌كه‌ی 185 سه‌نتیمه‌تره، درێژییه‌كه‌ی 265 سه‌نتیمه‌تره، پانییه‌كه‌شی ده‌گاته 165 سه‌نتیمه‌تر.
تابووته‌كه وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه؟ یان پێویسته بكرێته‌وه؟
ئه‌و تابووته به‌ردینه، ماوه‌ی 2000 ساڵه له ژێر زه‌وی هه‌ڵگیراوه، زۆركه‌س پێیوایه، كه ده‌بێت وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه، له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش، هاوشێوه‌ی وڵاتان، ده‌ستكراوه به بڵاوكردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ی گاڵته‌ئامێز و دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه پێویسته وه‌كو خۆی بمێنیته‌وه.
زۆرێك له به‌كارهێنه‌ران ئاماژه به فیلمی مۆمیای ساڵی 1999 ده‌كه‌ن، كه هاوشێوه‌ی ئه‌و ده‌بێته خۆی روودانی كاری خراپ، به‌تایبه‌تیش بۆ ئه‌وانه‌ی تابووتی فیرعه‌ونه‌كان ده‌كه‌نه‌وه.
د‌یڤید میلنه‌ر، نووسه‌ری گۆڤاری "Game Informer"ی ئوسترالی له تویته‌ر ده‌ڵێت: "وه‌كو بینه‌رێكی سه‌رسه‌ختی فیلمی The Mummy، كه بریندان فره‌یزه‌ر رۆڵی تێدا بینیوه، ده‌ڵێم ئه‌و تابووته نه‌فره‌تییه مه‌كه‌نه‌وه".
نه‌فره‌تی فیرعه‌ونه‌كان له‌گه‌ڵ توت عه‌نخ ئاموون ده‌ستیپێكرد
95 ساڵ به‌سه‌ر كاری كنه و پشكنینی گۆڕستانی توت عه‌نخ ئاموون، تێپه‌ڕی، تا ئێستا زۆرێك له ئه‌فسانه‌كان باس له رووداوه‌كانی دواتری ده‌كه‌ن، چه‌ندین فیلمی له‌باره‌یه‌وه به‌رهه‌مهێنراوه، له فیلمه‌كانیش ده‌رده‌كه‌وێت تۆڵه له‌و كه‌سانه ده‌كاته‌وه كه شكۆیان شكاندووه.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كانیش، له سه‌ره‌تای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو، زۆرێك له‌وانه‌ی په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ زانای شوێنه‌وارناسی به‌ریتانیا، هوارد كارته‌ر هه‌بووه، مردوون، یه‌كێك له‌وانه لۆرد كارنارڤۆن بووه، كه پاڵپشتی دارایی پرۆسه‌كه‌ی كردووه و به‌هۆی پێوه‌دانی مێشووله‌یه‌ك كۆچی دوایی كردووه.
جیت هایه‌ر، له گۆڤاری The New Republic ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر له‌و فیلمه مۆمیایانه‌ی سه‌د ساڵی رابردوو به‌رهه‌مهێنراون شتێك فێربووبین، ئه‌وه‌یه كه نابێت ئه‌و جۆره تابووتانه بكه‌ینه‌وه".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، نایڵ گیمان، نووسه‌ری چیرۆكی وێنه‌داری به‌ریتانی، باس له‌وه ده‌كات، ده‌زانێت چیده‌بێت كاتێك تابووته‌كه ده‌كرێته‌وه، هه‌رچی نی‌ك مۆزسلی هاوكاریه‌تی ده‌ڵێت: "ته‌نها بۆ یه‌كجار، چیده‌بێت ئه‌گه‌ر ئه‌و تابووته ره‌شه نه‌گریسه بخه‌ینه‌وه ژێر خاك و وای دابنێین كه هه‌رگیز نه‌دۆزراوه‌ته‌وه؟".
كاترین ڤالێنتی، نووسه‌رێكی دیكه‌ی به‌ریتانییه و ده‌ڵێت: "ئه‌و تابووته ره‌شه گرانێته‌ی له ئه‌سكه‌نده‌ریه دۆزراوه‌ته‌وه، كارێكی باشه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر فیلمه‌كان شتێكیان فێركردبم ئه‌وه‌یه كه نه‌یكه‌نه‌وه و لێیگه‌ڕێن".
دواجار تابووته‌كه كرایه‌وه
وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشبینی ده‌كرا، گازی ژه‌هراوی تایبه‌ت، یان جیوه‌ی سووری سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كان، یان هه‌ر شتێكی دیكه‌ی "نه‌فره‌تلێكراو" له‌ناو تابووته‌كه‌دا نه‌بوو.
تابووته‌كه به سه‌رپه‌رشتی وه‌زاره‌تی شوێنه‌وار و ئه‌نجوومه‌نی باڵای شوێنه‌وار، كرایه‌وه، سێ ئێسكه‌ر په‌یكه‌ری تێدابووه و له‌گه‌ڵ هه‌ندێك ئاو، ئه‌ویش ئاوی پاشه‌ڕۆی ئاوده‌ستی ماڵه‌كه بووه و دزه‌ی كردووه‌ته‌وه ناوی.
شه‌عبان عه‌بدلومونعیم، شاره‌زای شوێنه‌واری رایگه‌یاند، تابووته‌كه ئێسكه په‌یكه‌ری سێ كه‌سی تێدایه، كه پێده‌چێت سه‌ربازی كۆن بووبن، یه‌كێكیان كه‌للـه‌سه‌ری به تیر پێكرابێت و به‌هۆیه‌وه مردبێت.
بۆ توێژینه‌وه‌ی زیاتریش، ئێسكه‌په‌یكه‌ر و تابووته‌كه، گواستراوه‌ته‌وه مۆزه‌خانه‌ی تایبه‌تی ئه‌سكه‌نده‌ریه.
ا. م