ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا ئه‌م هه‌نگاوه‌ نه‌گرێته‌به‌ر گفتوگۆی ستراتیژی ئه‌نجامی نابێت

"به‌بێ ئه‌و هه‌نگاوه‌، ئه‌مه‌ریكا هیچی ده‌ستناكه‌وێت"

K24 - هه‌ولێر:

ناوەندی توێژینەوەی پارتی كۆمارییەكانی ئه‌مه‌ریكا رایده‌گه‌یه‌نێت، ئەگەر ئەمەریكا میلیشیا چه‌كداره‌كانی عێراق نەخاتە لیستی تیرۆرەوە، هەنگاوە ستراتیژییەكانی لە له‌و وڵاته‌ هیچ ئەنجامێكی نابێت.

لەگەڵ دەستپێكردنی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و عێراق تایبەت لە ڕێكخستنەوەی پەیوەندییە هەمەلایەنەكانی نێوان هەردوو وڵات، ناوەندی توێژینەوەی حزبی كۆمارییەكانی ئەمەریكا لە نوێترین توێژینەوەی خۆیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە گرنگترین هەنگاو ئەمەریكا پێویستە بیگرێته‌به‌ر، ئەوەیە كە میلیشیا چه‌كداره‌كانی عێراق بخاتە لیستی تیرۆرەوە.

ناوەندی توێژینەوەی حزبی كۆمارییەكان، كە كاریگەریی بەرچاوی لە داڕشتنی سیاسەتەكانی حزبەكەو پاشانیش ئەمەریكادا هەیە، لە نوێترین توێژینەوەیدا و لەو بەشەی تایبەتە بە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ناوچەكە بەهۆی دەستتێوەردانی بەرفراوان و بەردەوامی ئێرانەوە سەقامگیریی بەخۆیەوە نابینێت.

بەهۆی میلیشیاكانی حەشدی شەعبیـەیەوە، گەیشتن بە سووریا و لوبنان زیاتر لە هەر كاتێكی دیكە ئاسانە.

توێژینەوەكە هەروەها دەڵێت: "ئەم گرووپانە بە سوودوەرگرتن لەو چەك و یارمەتییانەی ئەمەریكا لە چوارچێوەی شەڕی دژ بە داعش به‌ عێراق دراوه‌، خۆیان بەهێز كردووە و ئەركی كۆنگرێسی ئەمەریكایە كە لەم بابەتە بەجددی بكۆڵێتەوە. چونكە ئێستا ئەو گرووپانە بوونەتە مەترسی، هه‌م لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و هەمیش هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا.

هەروەها دەڵێت لە ساڵی 2014ـەوە ئەمەریكا یەك ملیار و 200 ملیۆن دۆلاری بۆ هاوكاری ئەمنیی لە عێراقدا خەرج كردووە. لەو ماوەیەشدا وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەلایەن وەزیرێكەوە ئیدارە كراوە كە ڕاستەوخۆ له‌لایه‌نی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ئاراسته‌كراوه‌.

هەربۆیە داوا كراوە كە ئەمەریكا دەبێت سەرەتا میلیشیاكان لە عێراق بخاتە نێو لیستی تیرۆرەوە. بە تایبەتیش میلیشیاكانی (بەدر، کەتائیبی ئیمام عەلی، سەرایای خوراسانی، کەتائیبی سەیدولشوهەدا، لیوای ئەبوفەزڵ عەباس، بزووتنەوەی ئەوفیا، بزووتنەوەی جوندی ئیسلام و سەرایای عاشوورا).

ئەوەش باسكراوە ئەگەر بێت و ئەمەریكا ئەم هەنگاوە نەنێت، ئەوا هەر هەنگاوێكی ستراتیژیی لە هەمبەر عێراق، دەرەنجامێكی ئەوتۆی نابێت.

ناوەندی توێژینەوەی پارتی كۆمارییەكان لە ساڵی 1972ـەوەوە لە كۆنگرێسی ئەمەریكا پێكهێنراوە. پێشتر لە ساڵانی 2005-2007 لەلایەن مایك پێنسـی جێگری ئێستای سەرۆككۆماری ئەمەریكاوە سەرۆكایەتی دەكرا.