به‌ گرافیك.. زۆرترین دیدار له‌ میونشن دیداره‌كانی مه‌سرور بارزانی بوون

ئەمساڵ له‌ میونشن گرنگیەکی زیاتر بە ھەرێمی کوردستان درا
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

لە ماوەی سێ رۆژی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان زیاتر لە ٤٠ کۆبوونەوەیان لە پەراوێزی کۆنفراسەکەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیھان ئەنجامداوە. جیالە ساڵانی پێشوو زیاتر گرنگی بە شاندەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دراوە و تاکە شاندە کە لە پەراوێزی کۆنفرانسەکەدا زۆرترین کۆبوونەوەی لەگەڵ کرابێت. وڵاتانی جیھان بەگرنگیەوە باسی رۆڵو پێگەی ھەرێمی کوردستان دەکەن و مەبەستیانە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان ببەنە قۆناغێکی پێشکەوتر.

یەکەم رۆژ و یەکەم کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دان برولیێت، وەزیری وزەی ئەمه‌ریکا بوو و دەڵێت: ھەرێمی کوردستان بە ھۆی لێھاتوویی سەرکردایەتییەکەی کاری موعجیزە ئاسایان کردووە. خەجتیشی لە بەھێزکردنی پەیوەندی بازرگانی و وەبەرھێنانی وڵاتەکەی لە ھەرێمی کوردستان کردەووە.

لە کۆبوونەوەش لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بولگاریا، بۆیکۆ بۆریسۆڤ سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی بانگھێشتی وڵاتەکەی کرد. خواستی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەت لەبواری کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و وزەدا. 

وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکاش جەختی لە ھەماھەنگی زیاتری وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەرووبەرووبوونەوەی تیرۆر کردەوە. مانەوە و بەردەوامی ھێزەکانی ئەمریکا و رۆڵی ھەرێمی کوردستانیشی بەگرنگ ناوبرد.

وەزیری بەرگری ئەڵمانیاش دەڵێت: داعش ھەرەشەی جدییە. ستایشی دۆخی ئارام و ئاسایشی ھەرێمی کوردستانی کرد. بەڵێنیدا وڵاتەکەی لە راھێنان و راوێژ و ھاوکارییەکانی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام بێت.

مارك ئێسپەر، وەزیری بەرگری ئەمریکاش ھەرێمی کوردستانی بە ھاوپەیمانێکی گرنگ ناوزەد کرد و گوتی: "بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردن و راھێنان بە ھێزی پێشمەرگە".

سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی کوەیتیش، پەیوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بە گرنگ دەزانێت.

وەزیری دەرەوەی روسیاش ھەوڵەکانیان بۆ ھێوربوونەوەی دۆخی ناوچەکە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ مافی کورد لە سوریا و عێراقیش دووپاتکردەوە، خواستی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و مۆسکۆی دەربڕی.

ئەحمەد ئەبولغەیس، سکرتێری گشتی کۆمکاری عەرەبی ھەرێمی کوردستانی بە نموونەیەکی سەرکەوتوو لە عێراق ناوبرد و گوتی: ئەو سەرکەوتنەش لە سایەی حیکمەت و لێھاتوویی سەرۆك بارزانیەوەیە.

مارك رووتە، سەرۆك وەزیرانی ھۆڵەنداش دەیەوێت وەبەرھێنانی ھۆڵەندی لە ھەرێمی کوردستان پەرەپێ بدات. ھاوکاری وڵاتەکەشی بۆ پرۆسەی چاکسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

وەزیری دەرەوەی شانیشینی ئوردنیش باس لە رۆڵ و پەیوەندی مێژوویی ھەولێر و عەممانی کرد.

لە کۆبوونەوەش لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق جەخت لەسەر پاراستنی قەوارەی دەستوری ھەرێمی کوردستان کرایەوە، بۆ حکومەتی نوێش دەبێ دامەزراوە فەرمیەکانی ھەرێم وەزیرەکانی ھەرێمی کوردستان لە حکومەتی نوێ دەستنیشان بکەن.

ھارجێت سەجان، وەزیری بەرگری کەنەدا بەردەوامی وڵاتەکەی لە ھاوکاری و راھێنانكردن بە پێشمەرگە دووپاتکردەوە و ستایشی ھەرێمی کوردستانی کرد، کە بووەتە پەناگەیەکی ئارام.

ژان ئێڤ لۆدریان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دووپاتیکردەوە، گرنگە ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان و عێراق بمێننەوە. جارێکی دیکە پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ گەل و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕی.

لە کۆبوونەوەش لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، جارێکی دیکە جەخت لەسەر پاراستنی مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستان و دەستنیشانکردنی وەزیرانی ھەرێم بۆ حکومەتی نوێی عێراق لەلایەن دامەزراوە فەرمیەکانی ھەرێمی کوردستانەوە کرایەوە.

لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، ھەبوونی پەیوەندیی دراوسێیانەی باش لەسەر بنەمای رێزگرتن. گرفت و ئاستەنگەکانی ئاسایش لە ناوچەکە قسەیان لەسەر کرا.

ئەڵمانیاش پاڵپشتی و ھاوکارییەکانی بۆ ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دووپاتکردەوە و ھەرێمی کوردستانیشی بە نموونەیەکی گەشی دەسەڵاتداریی ناوبرد.

لەگەڵ راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەریتانیاش، قسە لەسەر بەردەوامیدان بە رووبەرووبوونەوەی ھەڕەشەکانی داعش و بەھێزترکردنی پەیوەندییەکانی ھەولێر و لەندەن کرا.

مەولوود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا دەیەوێت ھەماھەنگی زیاتر ھەبێت بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەولێر و ئەنقەرەش بە پێویست دەزانێت.

ئەمانە بەشێکن لە کۆبوونەوە بینراوەکانی شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.. جیا لە کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری بەرگری عێراق و شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا...

شاندەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان تاکە شاندی بەشداری کۆنفرانسەکەیە کە لە ماوەی ٣ رۆژدا زۆرترین کۆبوونەوەیان ھەبووە و جیا لە ساڵانی پێشوو، ئەمساڵ گرنگیەکی زیاتر بە ھەرێمی کوردستان دراوە. پاڵپشتیکردنی ھەرێمی کوردستان لەبواری ئابووری، سیاسی، سەربازی و دیپلۆماسیەوە کرۆکی کۆبوونەوەکان بووە.

ھەر لە یەکەم رۆژی کۆنفرانسەکەدا کۆبوونەوەکانی مەسرور بارزانی لەگەڵ وەزیری وەزی ئەمه‌ریکا دەستیان پێکرد.

دواتر سەرۆك وەزیرانی بولگاریا، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا، وەزیری بەرگری ئەڵمانیا، وەزیری بەرگری ئەمه‌ریکا، سەرۆك وەزیرانی کوەیت و شاندێکی پەرلەمانتارانی پارتی ئێس پی دی ئەڵمانی.

لەھەمووی گرنگتر راگرتنی باڵانس بوو لەنێوان بلۆكبەندی و ئەکتەرە دیار و نەیارەکانی جیھان...دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمه‌ریکا و ئەوروپا، شاندەکەی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی روسیاش کۆبوونەوە.

H.B