وەزارەتی تەندروستی پێشوازی لە بەرهەمهێنانی چارەسەری كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان دەكات

پێویستە هاووڵاتیان زۆر بە وریایی ئاگاداری خۆیان و پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن

K24- هەولێر:

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەرهەمهێنانی دەرمانی (Favipiravir) دەكات، كە تایبەتە بۆ چارەسەركردنی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەی تەندروستی:

پێشوازی لە بەرهەمهێنانی دەرمانی (Favipiravir) لە هەرێمی کوردستان دەکەین...

لە درێژەی هەوڵ و چالاکیەکانی جیهانی بۆ دۆزینەوە و دروستکردنی دەرمانی چارەسەری نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێCOVID19، بە خۆشحالیەوە لە هەرێمی کوردستان هەمان دەرمانی دژە ڤایرۆسی (Favipiravir) بە ناوی (فابیڤیر) کە لەلایەن هەندێك لە وڵاتی وەکو رووسیا و ژاپۆن ... هتد، لە کاتی ئێستادا بەکاردێت و لە رێنماییەکانی چارەسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بە یەكێك لە دەرمانەکانی بواری چارەسەری ئەو نەخۆشیە دادەنرێت، و ئێستا لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵی ئاوامێدیکا (Awamedica) لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێندرا، بە هاوکاری و هەماهەنگی سەنتەرە پسپۆڕیەکانی جیهانی بەرهەمهێندراو و دەستکرا، بە دابەشکردن بۆ کەمکردنەوەی ئاستی توندی نەخۆشیەکە و نیشانەکانی و کەمکردنەوەی ڕێژەی مردن.

بۆ ئەم مەبەستە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لەم بەرهەمە خۆماڵیە دەکات وێرای دەستخۆشی و ستایشی کومپانیای ناوبراو، پاڵپشتی و پشتگیری دەردەبڕین کە لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دەرمانە لە هەرێمی کوردستان کەوتە بواری بەرهەمهێنان و لە ژێر ڕۆشنایی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمی خۆماڵی و کەرتی تایبەت هان دەدرێت لەپێناو باشترکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هاووڵاتیان بەتایبەتی بۆ دەربازبوون لە قەیرانی نەخۆشی کۆرۆنا.

لەم دەرفەتەدا جەخت دەکەینەوە، کە هاووڵاتیان پێویستە زۆر بە وریایی ئاگاداری خۆیان و پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی بن، بۆ دووربوون لە ترسناکی تووشبوونی ئەم نەخۆشیە و رێکاری تاکپارێزی و خۆپارێزی گرنگترین رێکارن کە پێویستە هەموو هاووڵاتیان پێوەی پابەندبن.

لە کۆتایی دا جارێکی دیكە تاکپارێزی و خۆپارێزی گرنگترین رێکارن کە پێویستە هەموو هاووڵاتیان پێوەی پابەندبن و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و بەرهەمی باشتر دەکەین، ئومێدەوارین هەموو لایەك ساغ و سەلامەت بن و هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.

وەزارەتی تەندروستی        

حکومەتی هەرێمی کوردستان   

8ی تەمووز 2020

H.B