ژیار جەلال: تیمەکانمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو لە ئامادەباشیدان

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر، دەڵێت: تا کاریگەری شەپۆلەکانی بارانبارین بەردەوام بێت تەواوی تیمەکان لە ئامادەباشیدادەبن. هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەکات، زبڵ و پاشماوە فڕێنەدەنە ناو مەجراکان لەپێناو پاراستنی خۆیان و شوێنەکانیش.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، چەند رۆژێک بەر لە هاتنی شەپۆلی بارانبارین تیمەکانی شارەوانی خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە سەرجەم چاڵ و مەنهۆڵەکان پاک کرانەوە، چونکە ئەمە خاڵی یەکەمی کۆبوونەوەی ئاوە.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، لەکاتی هاتنی هەر شەپۆلێکی بارانبارینی بەخووڕ تەواوی تیمە فریاگوزارییەکان لە ئامادەباشیدا دەبن، هەروەها ئامێرەکان لەو شوێنانە دادەنرێت کە خاڵی لاوازن.

سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا، هەر ماڵێک ئاو بچێتە ناوی تیمە فریاگوزارییەکان بە هانایەوە دەچن و پاکی دەکەنەوە. ژیار جەلال گوتی: ئەو شوێنانەی کە خاڵی لاوازن لە هەولێر بەهۆی پلانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ساڵ بە ساڵ کەمتر دەکرێنەوە.

باسی لەوەشکرد، چەند رۆژێک بەر لە ئێستا لە تەواوی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ژمارەی تیمە خزمەتگوزارییەکان بڵاوکرانەوە بۆ ئەوەی لە هەر گەڕەکێک یان ماڵێک مەترسی هاتنی لافاوی لێبکرێت تیمەکان بگەنە فریای هاووڵاتییان و یارمەتیان بدەن، هاوکات دەڵێت: ژمارەی هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتی خزمەتگوزاریی ژینگەی هەولێر 07511624550 ئەو هێڵە 24 کاتژمێر کراوەتەوە هەر هاووڵاتییەک کێشەی قوڕ و لیتەی لەسەر شەقامەکان هەبوو یان لە گیرانی مەنهۆڵەکان دەتوانێت پەیوەندی بکات.

ژیار جەلال، گوتی: تا کاریگەری شەپۆلەکانی بارانبارین بەردەوام بێت تەواوی تیمەکان لە ئەرکدا دەبن و ناچنەوە ماڵ. سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەمساڵ بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو هیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەنیا زیانێکی کەمی ماددی هەبووە.

ناوبراو لە رێگەی کوردستان24ـەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، زبڵ و پاشماوە فڕێنەدەنە ناو مەجراکان لەپێناو پاراستنی خۆیان و شوێنەکانیش. گوتیشی: "ئێمە شوێنمان هەیە لە هەوڵیر خاڵی لاوازە تەنیا دوێنێ چوار جار شۆڤڵمان بردووە لە زبڵ و خاشاک پاکی کردووەتەوە کە خەڵکی فڕێیانداوە".