باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق: بەمزووانە نێچیرڤان بارزانی سەردانی برۆکسل دەکات

"نێوانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەرەو باشبوون دەچێت"

K24 – هه‌ولێر:

رامۆن بلاکوا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، پەیوەندی هەرێمی کوردستان و یەکێتی ئەوروپا بە زۆر باش ناودەبات و دەشڵێت، یەکێتی ئەوروپا بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ حکومەتی هەرێم.

لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 لە میانی بەڕێوەچوونی دیداری مێری، رامۆن بلاکوا لەبارەی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا رایگەیاند: "ئێمە لە سەرەتای دروستبونی ناکۆکییەکان هەوڵی چارەسەریمان داوە، لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو هاتمە هەرێمی کوردستان و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نوێنەرانی حکومەت کۆبومەوە، ئێستا خواستێکی هاوبەشی ئەرێنی هەیە و دەمانەوێت متمانە زیاتر لە نێوان هەردوولادا هەبێت".

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، ئەو باڵیۆزەی یەکێتی ئەوروپا گووتی: "هەڵبژاردنێکی زۆر سەرکوتوو بوو، ئەوەش هەواڵێکی نایابە و وادەکات بنەمایەکی سەقامگیر بۆ حکوومەتی داهاتوو دروستبکرێت".

رامۆن بلاکوا دوپاتیشیدەکاتەوە کە یەکێتی ئەوروپا لە رووی ئابووری و سیاسی هاوکاری هەرێم دەبێت و بەمزوانەش نێچیرڤان بارزانی سەردانی برۆکسل دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە 23/10/2018 دیداری مێری 2018 بۆ گەنگەشەکردنی روانگەکان و سەقامگیری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە سپۆنسەريى ميديايى كوردستان 24 و بە ئامادەبوانی دەیان سیاسی و بڕیاربەدەستی کوردستان، عێراق و ناوچەکە لە ھەولێر دەستیپێکرد و بڕیارە دوو رۆژ بەردەوامبێت.

H.J