ئێران ده‌رگاكانی دانوستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا داده‌خات
K24- هه‌ولێر:
عه‌باس مووسه‌وی، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران دووپاتیكرده‌وه، هه‌موو رێگاكانی به‌رده‌م دانوستانكردن له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا داخراون و ئه‌م بڕیاره‌شی بۆ ئه‌وه گه‌ڕانده‌وه، كه "ئه‌مه‌ریكا پابه‌ندی به‌ڵێنه‌كانی نابێت و هه‌رزه‌كارانه ره‌فتار ده‌كات".
به‌گوێره‌ی ئاژانسی فارز نیوزی ئێرانی له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا مووسه‌وی ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، "زۆرێك له وڵاتانی جیهان هاوكاری دارایی و مرۆییان بۆ ئێران ره‌وانه كردووه، له‌كاتێكدا واشنتۆن رێگری له گه‌یشتنی ئه‌و هاوكاریانه كردووه".
گوتیشی: "ئه‌و فشاره ده‌روونی و میدیاییه گه‌ورانه‌ی ئه‌مه‌ریكا درووستیكردووه و ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی خستوویه‌ته سه‌ر ناوه‌نده‌كانی دارایی و بانكه جیهانییه‌كان، كێشه‌ی زۆر بۆ گه‌یاندنی هاوكارییه‌كان بۆ ئێران درووست كردووه".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاماژه‌ی به دوایین لێدوانه‌كانی برایان هۆك، نوێنه‌ری ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ئێران كرد، كه گوتبووی: وڵاته‌كه‌ی ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئێران ده‌ست به دانوستان بكات و له‌مباره‌یه‌وه گوتی: ئه‌و دانوستانانه‌ی له ماوه‌ی دوو ساڵ و نیودا له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیدا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكییه‌كان كردوویانه، خۆیان له زیاتر له 200 لاپه‌ڕه‌دا ده‌بیننه‌وه.
هه‌وره‌ها گوتی: "من له‌و باوه‌ڕه‌دام لێدوانه‌كانی هۆك زیاتر له گاڵته ده‌چوون، ئێران داواكارییه‌كه‌یان بۆ ده‌ستپێكردنی دانوستان به جددی وه‌رناگرێت و خۆشیان باش ده‌زانن ئه‌و داواكاریانه‌یان زۆر جددی نین".
سه‌باره‌ت به دوا هه‌ڵوێستی كۆشكی سپی بۆ درێژنه‌كردنه‌وه‌ی ماوه‌ی به‌خشینی مامه‌ڵه‌ی بازرگانی نێوان ئێران و ئه‌و 8 وڵاته‌ی پێشتر ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی پێكردبوو، مووسه‌وی گوتی: "ئێمه ئه‌زموونی 40 ساڵی گه‌مارۆ و خۆڕاگریمان هه‌یه و ده‌توانین له هه‌موو دۆخێك به‌رگه بگرین".
دووپاتیشیكرده‌وه، "ئێمه له‌وه زیاتر له ئه‌مه‌ریكا چاوه‌ڕێ ناكه‌ین، كاتێكیش له‌گه‌ڵیان له دانوستان بووین، له‌سه‌ر بنه‌مای بێ متمانه‌یی و پێشبینی كردنی دۆخێكی له‌م جۆره بووین".
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران باسی ئه‌وه‌شی كرد، یه‌كێك له‌و ئامانجانه‌ی دوای ده‌رچوونی ئه‌مه‌ریكا له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی پێشبینییان ده‌كرد، ئه‌وه بوو كه "ئێران كاردانه‌وه‌یه‌كی توند نیشان بدات، بۆ ئه‌وه‌ی ببێته پاساوێك بۆ خۆیان و شه‌ڕخوازان، تاوه‌كو ئامانجه شه‌ڕانگێزییه‌كانیان بپێكن".
ئه‌و به‌رپرسه ئێرانییه جه‌ختی كرده‌وه، تا ئێستا ئێران وه‌ك پێویست سوودی ئابووری له لێكه‌وته‌كانی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی نه‌بینیوه، هه‌رچی به‌شداربووانی رێككه‌وتنه‌كه‌شن، به تایبه‌ت ئه‌وروپییه‌كان، "یان نیازیان نه‌بووه، یانیش له‌توانایاندا نه‌بووه"، هه‌ر ئه‌مه‌شه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی خۆ به‌زلزانینی ئه‌مه‌ریكا زیاتر بێت.
H.B