فه‌رمانده‌ی سوپای پاسداران: ئه‌و مووشه‌كانه‌ی هه‌مانه ده‌توانن هێزه‌كانی ئه‌مریكا له ناوچه‌كه‌دا بكه‌نه ئامانج
K24 - هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران رایگه‌یاند: "ئێران پێویستی به‌وه نییه په‌ره به مووشه‌كه بالیستییه‌كانی بدات تا دوورتر بڕۆن و ئه‌وانه‌ی هه‌مانه ده‌توانن بگه‌نه هێزه‌كانی ئه‌مریكا كه له ناوچه‌كه‌دا بڵاوبوونه‌ته‌وه".
ئاژانسی هه‌واڵی ته‌سنیمی ئێرانی له زاری محه‌مه‌د عه‌لی جه‌عفه‌ری، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه بڵاویكردووه‌ته‌وه‌و گوتوویه‌تی: "مووشه‌كه‌كانمان دوو هه‌زار كیلۆمه‌تر ده‌ڕوات و ده‌توانین زیاتریشی بكه‌ین، به‌ڵام پێمانوایه ئه‌و ماوه‌یه‌ی مووشه‌كه‌كانمان ده‌یبڕێت به‌س بێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران زۆربه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی له‌ناوچه‌كه بخاته بازنه‌ی مووشه‌كه‌كانییه‌وه".
ئێران یه‌كێكه له گه‌وره‌ترین وڵاتانی ناوچه‌كه له رووی پرۆگرامی مووشه‌كی و چه‌ند مووشه‌كێكی ئاراسته‌كراوه كه له توانایدایه ئیسرائیل بكاته ئامانج.
ئه‌و قسانه‌ی فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران له كاتێكدایه كه، وه‌زاره‌تى گه‌نجينه‌ى ئه‌مريكا، رۆژی سێشه‌ممه سزاكانى سه‌ر سوپاى پاسدارانى كۆمارى ئيسلامى ئێرانى فراوانتر كرد.
به گوێره‌ى بڕيارى نوێى وه‌زاره‌ته‌كه 41 كه‌س و كۆمپانياى ديكه‌ى ئێرانى كه له ناوياندا هێزى ئاسمانى سوپاى پاسداران هه‌يه سزاكان ده‌يانگرێته‌وه.
واشنتن رايگه‌ياندووه، ئامانجى له سه‌پاندنى ئه‌و سزايانه رێگرتنه له بڵاوبوونه‌وه‌ى چه‌كى كۆكوژ و ناووكى.
پڕۆژه ياساكه‌ى ئه‌مريكا بۆ سزادانى ئێران ناوى لێنراوه "كاتسا" به پله‌ى يه‌كه‌م توانا مووشه‌كييه‌كانى ئێرانى كردووه‌ته ئامانج.
به گوێره‌ى پڕۆژه‌كه سزا به‌سه‌ر سه‌رجه‌م لايه‌نه‌كانى پرۆگرامى مووشه‌كى ئێران‌دا ده‌سه‌پێندرێت.
سه‌رۆكى ئه‌مريكا دۆناڵد تره‌مپ له 2ى ئاب/ ئۆگستى رابردوو، ياسايه‌كى نوێى سزاكانى به‌سه‌ر رووسيا و ئێران و كۆرياى باكووردا واژوو كرد.
ئه‌و ياسايه له لايه‌ن كۆنگرێسى ئه‌مريكاوه به زۆرينه‌ى ده‌نگ په‌سند كرابوو و به‌رز كرابوويه‌وه بۆ به‌رده‌م سه‌رۆكى ئه‌مريكا.