حزبوڵڵای عێراقی: ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان ئامانجی داهاتوومانه
K24 – هەولێر:
كه‌تائیبی حزبوڵڵای عێراق ئاماژه به شكاندنی ئاگربه‌ست دژی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و سووریا ده‌كات، ڕایده‌گه‌یه‌نن، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق جیددی نییه له ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له وڵاته‌كه‌ی. ده‌شڵێن، ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان ئامانجی داهاتوومانه.
هه‌روه‌ها حزبوڵڵای عێراقی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، له داهاتوودا پەلاماری ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان له عێراق دەدەن و ده‌ڵێن، ئه‌و پڕۆژه نیگهرانمانی كردووە.
ئه‌م قسانه له زاری ئه‌بو عه‌لی عه‌سكه‌ری، گوته‌بێژی حزبوڵڵای عێراقیدا هاتووه، له كاتێكدا ئه‌مڕۆ به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به سه‌ردانێك له به‌غدا بوو و له‌گه‌ڵ سوودانی كۆبووه‌ته‌وه.
ئه‌بو عه‌لی عه‌سكه‌ری هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاندووه، هه‌ست ناكه‌ین كاره‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا له عێراق كۆتایی پێ بهێندرێت، به‌تایبه‌ت هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی باره‌گا هه‌واڵگرییه‌كانی له‌و وڵاته.
هه‌روه‌ها ڕاشیگه‌یاند، هیچ هه‌نگاوێكی جددیمان له حكوومه‌تی عێراقی له‌م باره‌یه‌وه نه‌بینیووه.
له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه، حزبوڵڵای عێراقی له ڕیزبه‌ندی لیستی تیرۆردایه، پێشتریش له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مه‌ریكاوه له ناوچه جیاوازه‌كانی عێراق هێرشی کاوەتە سەر.
پڕۆژه‌ی ڕێگەی گەشەپێدان پێک هاتووە لە رێگەی وشکانی و ئاسنین کە لە ڕێگەی بەندەری فاو لە باشووری عێراق، دەروازەی پێشخاپوور لە هەرێمی کوردستان، عێراق و وڵاتانی کەنداو بە تورکیا و وڵاتانی ئەوروپا دەبەستێتەوە و زیاتر لە 25 وڵات بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لێی سوودمەند دەبن.
گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە لە ساڵی 2028 کۆتایی پێبێت، درێژیی هێڵی ئاسنینەکە، بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و ڕێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە و هەردوو ڕێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.
له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 8ـی ئایاری 2024، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له به‌غدا له‌گه‌ڵ شاندێكی ئه‌مه‌ریكا به سه‌رۆكایه‌تی ئوزرا زیا بریكاری وه‌زیری ئاسایشیی شارستانی و دیموكراتی و مافی مرۆڤی ئه‌مه‌ریكا كۆبووه‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، سوودانی له دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شانده ئه‌مه‌ریكییه‌كه‌دا، جه‌ختی كرده‌وه، كه عێراق ڕژده بۆ به‌هێزكردنی سیسته‌می دیموكراتی، به پشتبه‌ستن به ده‌ستووری عێراق.
له‌مباره‌یه‌وه بریكاری وه‌زیری ئاسایشیی شارستانی و دیموكراتی و مافی مرۆڤی ئه‌مه‌ریكا ڕۆڵی عێراقی له ناوچه‌كه به گرنگ ئاماژه پێ دا.