پەروین بوڵدان: هەدەپە رێگە بە درێژەدان بە یاسای باری نائاسایی نادات

"بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی کودەتا تەواوی ماف و ئازادییەکان زەوت دەكەن"
kurdistan24.net

K24 - ئەنقەرە

پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لە وتارێکدا رەخنەی توندی لە پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) گرت و بە بەردەوامیدان بە یاسای باری نائاسایی و پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی دەرەوەی نا هاوسەنگ تۆمەتباری کرد.

پەروین بوڵدان گوتی: "بە دانانی قەیوم و دەستگیرکردنی پەرلەمانتاران و زەوتکردنی مافەکانمان دژایەتی ئێمە کرا، بەڵام لە 24ی حوزەیراندا ئێمە توانیمان بەربەستی 10% تێپەڕێنین، ئێستاش ئێمە سەردەمێکی قورسمان لەبەردەمدایە، کەسانێك دەیانەوێ یاسایەکی بەردەوام لە پێناو باری نائاسایی پەسەند بکەن، ئێمە هەمیشە و ئێستا و لە داهاتووشدا ویستمان بریتی بووە لە نەمانی باری نائاسایی، هەمیشە ویستوومان یەکسانی هەبێ و ھەوڵمانداوە خەبات لەوپێناوەدا بکەین، بەڵام لە بەرامبەر ئێمەشدا کەسانێك هەبوون ویستوویانە کودەتای 15ی تەمووز بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، ویستوویانە بە بیانووی رووبەڕووبوونەوەی کودەتا تەواوی ماف و ئازادییەکان زەوت بکەن".

ئەوەشی خستەڕوو: "پێویستە تورکیا سیاسەتێکی دەرەوەی هاوسەنگی هەبێ، بە هۆکاری ئەوەی سیاسەتی دەرەوەمان نا هاوسەنگە ئێستا ئێمە لە قۆناخێکی سەختداین و رووبەڕووی قەیرانی دارایی بووینەتەوە".

ھ.م