نێچیرڤان بارزانی په‌یامێك ئاراسته‌ی توركيا ده‌كات

توركيا ئاماده‌یی خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیشاندا

K24 - هه‌ولێر:

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانی پێشوازیكردنی كۆنسوڵی نوێی توركیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا، رایگه‌یاند توركیا وه‌ك دراوسێیه‌كی گرنگ, ده‌توانێت ڕۆڵێكی ئه‌رێنی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عیراقی فیدراڵدا بگێڕێت.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵێكی وێبسایتی فه‌رمی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 4/1/2018 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز هاكان كاراچاى كونسلى نوێى توركیا له‌ هه‌ولێر و شاندێكی یاوه‌ری كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا، كۆنسوڵى نوێى توركیا، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵی به‌ دیداره‌كه‌، تیشكى خسته‌ سه‌ر كار و چالاكییه‌كانى كۆنسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ له‌ هه‌ولێر.

هاوكات جه‌ختيشى له‌ به‌ره‌وپێشبردن و په‌ره‌پێدانى زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان توركیا و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییى وڵاته‌كه‌ى بۆ هه‌وڵدان و هاوكاریكردن له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نیشان دا.

وه‌ك وێبسایتی فه‌رمی حكوومه‌ت بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، نێچیرڤان بارزانی، پیرۆزبایى ده‌ستبه‌كاربوونى له‌ كۆنسوڵی نوێى توركیا كرد و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواست.

سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ توركیا ده‌ڕوانێت كه‌ ڕۆژانی ته‌نگانه‌ی به‌رله‌ ڕاپه‌ڕینی ساڵی 1991 و دوای ئه‌وه‌ش هه‌میشه‌ توركیا هاوكار بووە و پشتگیری له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌.

نێچیرڤان بارزانی, سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئێستا و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداش، ڕایگه‌یاند كه‌ توركیا وه‌ك دراوسێیه‌كی گرنگی هه‌رێمی كوردستان و عێراق ده‌توانێت ڕۆڵێكی ئه‌رێنی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عیراقی فیدراڵدا بگێڕێت.

 

ا. م