هێزه‌ر ناوێرت: پشتگیریی له خۆپێشاندانی ئاشتیانه‌ی عێراقییه‌كان ده‌كه‌ین
K24 - واشنتن
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا رایدەگەیەنێت، ئەوان پاڵپشتی لە خواستی خۆپێشاندەرانی عێراق دەکەن، به‌مه‌رجێك ئه‌و خۆپێشاندانانه به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتیانە بكرێت.
لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24، لە واشنتن هێزەر ناوێرت، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا ئاماژەی بەوەكرد، ئەوان ئاگادارن کە خزمەتگوزاری کارەبا و ئاو نییە، ئەرکی حکوومەتە وەك چۆن پاراستنی دامەزراوەکانیش ئەرکی حکوومەتە.
هێزه‌ر ناوێرت، گوتی: "به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئێمه پشتگیریی له مافه‌كانی خه‌ڵك ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی به ئاشتیانه خۆپێشاندان ئه‌نجام بده‌ن، بێگومان كاتێكیش ده‌بینین كه كێشه‌ی ئاو و كاره‌با هه‌یه، ئێمه تێده‌گه‌ین كه خه‌ڵك بۆ خۆپێشاندان ئه‌نجام ده‌دات. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش حكوومه‌تی عێراقی رایگه‌یاندووه كه هه‌موو هه‌وڵێكی جیدی داوه بۆ پاراستنی گیانی خۆپێشانده‌ران. ئه‌وه‌شیان راگه‌یاندووه كه هه‌وڵده‌ده‌ن داواكارییه‌كانی خۆپێشانده‌ران تاوتوێ بكه‌ن و جێبه‌جێی بكه‌ن".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا گوتیشی: "ئێمه په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزمان له‌گەڵ حكوومه‌تی عێراق هه‌یه، زۆربه‌ی كاتیش ئێمه له هه‌ماهه‌نگیدان له‌گەڵ حكومه‌تی عێراقی بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پرسانه‌ی كه ره‌نگه ئێمه نیگه‌رانیمان له‌سه‌ری هه‌بێـت، به‌ڵام ئه‌و گفتوگۆیانه زۆربه‌ی كات به‌شێوه‌یه‌كی داخراو و له رێگای دیپلۆماسییه‌وه ئه‌نجامده‌درێن، بۆیه لێره ئاشكرایان ناكه‌م".
ھ.م