لە دووری تەنیا چەند مەترێك لە شوێنی رفاندنی چالاكوانە ئەڵمانییەكە تەرمێك دۆزرایەوە

بە كوژراوی لەسەر شەقام فڕێ دراوە

K24- هەولێر:

دەسەڵاتدارانی عێراق تەرمێكیان لە دووری تەنیا چەند مەترێك لە شوێنی رفاندنی ژنە چالاكوانە ئەڵمانییەكە لە شەقامی ئەبو نەواسی ناوەڕاستی بەغدا دۆزییەوە.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان، تەرمەكە هی گەنجێكە كە لە سەرەتای بیستەكانی تەمنیدایە و بە كوژراوی لەسەر شەقام فڕێ دراوە.

ئاماژەیان بەوەش داوە، شوێنەواری چەندین چەقۆ لەسەر لاشەی ئەو گەنجە هەیە.

لەم بارەشەوە سەرچاوەیەكی ئەمنی لە شاری بەغدا بە میدیاكانی راگەیاند، تەرمەكە هی گەنجێكی نەناسراوە.

ئەم رووداوە تەنیا دوای رۆژێك لە رفاندنی ژنە چالاكوانێكی ئەڵمانی بە ناوی هێلا میوس دێت، کە به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی رۆشنبیرییه‌ له‌ پەیمانگەی گۆتەی ئەڵمانی و شەوی رابردوو لەلایەن ژمارەیەك چەكدارەوە لە نزیك شوێنی دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە لە ناوەڕاستی بەغدا رفێندرا.

H.B