"سه‌در دوژمنی ئه‌مه‌ریكا نییه به‌ڵام دۆستێكی ئاسانیش نابێت"
K24 - هه‌ولێر:
وێبسایتی ئه‌تلانتیك كۆنسلی ئه‌مه‌ریكی، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه بڵاویكردووه‌ته‌وه، موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و سه‌رۆكی لیستی هاوپه‌یمانی سائیرون، چیدیكه دوژمنی ئه‌مه‌ریكا نییه، به‌ڵام دۆستێكی نزیك و ئاسانیش نابێت.
وێبسایته‌كه سه‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌ی سه‌دری له هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایار بۆ كه‌می به‌شداریكردنی ده‌نگده‌ران گه‌ڕاندووه‌ته‌وه له هه‌ڵبژاردنه‌كه.
به گوێره‌ی وێبسایته‌كه، ئه‌گه‌ر سه‌در و عه‌بادی به یه‌كه‌وه حكوومه‌تی نوێی عێراق پێكبهێنن، ره‌نگه باشتر بتوانن چاكسازی له حكوومه‌تدا بكه‌ن و به شێوه‌یه‌كی كاراتریش به‌ره‌نگاری هه‌ژموونی ئێران ببنه‌وه، ئه‌وه‌ش یه‌كێكه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی له‌و جۆره هاوپه‌یمانێتییه بكات.
ئه‌تلانتیك كۆنسڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، سه‌در هاوبه‌شێكی ئاسان نابێت بۆ ئه‌مه‌ریكا، به‌ڵام له ئێستادا دوژمنیشی نییه، به‌ڵكو زیاتر وه‌كو كه‌سایه‌تییه‌كی نیشتمانی عێراقی ده‌ركه‌وتووه و جیاواز له پێشوو و پراگماتیكیانه كارده‌كات.
ئه‌و وێبسایته ئه‌مه‌ریكییه، هۆكاری سه‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌ی سه‌دری بۆ ئه‌وه‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه، رێژه‌ی به‌شداریكردن له هه‌ڵبژاردنه‌كه نزم بووه، سه‌دریش خاوه‌ن پێگه‌یه‌كی چه‌سپاو و یه‌كگرتووتره له چاو هێزه شیعی و عێراقییه‌كانی دیكه.
ئه‌و سه‌نته‌ره توێژینه‌وه ئه‌مه‌ریكییه، ئه‌وه‌شی روونكردووه‌ته‌وه، سه‌در له رێگه‌ی پشتگیریكردنی داواكانی خه‌ڵك، به‌تایبه‌تیش له وتاره‌كانی له دژی حكوومه‌ت و گه‌نده‌ڵی له وڵات، پێگه‌ی خۆی به‌هێزتركرد و چه‌ندین جاریش خۆپیشاندانی ملیۆنی له عێراق له دژی گه‌نده‌ڵی رێكخستووه، تا دواجار درووشمی "شلع قلع – ده‌رهێنان له ره‌گ و ریشه‌وه"ی به رووی به‌رپرسانی حكوومه‌ت به‌رزكرده‌وه.
هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی بۆ خوولی چواره‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رۆژی 12ی ئایار ئه‌نجامدرا و به گوێره‌ی ئه‌نجامه به‌راییه‌كان كه تا ئێستا له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنی باڵاوه بڵاوكراوه‌ته‌وه، لیستی سائیرونی سه‌در یه‌كه‌مه، فه‌تحی هادی عامری دووه‌م و نه‌سڕی عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانیش سێیه‌مه.
له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان چواره‌مه و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستانیش یه‌كه‌م.
ا. م