چەند نامەیەکی سەرسوڕهێنەری منداڵان بۆ دایک و باوک و خودا

"زۆر سوپاست دەکەم کە برایەکی بچووکت پێبەخشیم، بەڵام ئەوەی دوعام بۆ دەکرد بەچکە سەگێک بوو"

K24 – هه‌ولێر:

منداڵ خاوەن ئەندێشە و خەیاڵێکی ساددە و جیاوازە، ئەوەش کە لە گەورەکانی جیا دەکاتەوە ئەوەیە، قسەی دڵ و زمانی وەک یەکە.

سایتی کۆمەڵایەتی پاندا، چەند نامەیەکی سەرنج راکێشی منداڵانی بڵاوکردووەتەوە کە بۆ دایک و باوک و خودایان ناردووە و تیایدا بە سادەیی و دڵ پاکی پەیامەکەیان گەیاندووە.

 

بۆ دایکی خۆشەویستم،

زۆۆۆۆۆۆر سوپاس کە دایکی منیت. ئەگەر دایکێکی دیکەم هەبوایە، مشتەکۆڵەیەکەم لە دەمووچاوی دەدا و دواتر دەستم دەکرد بە گەڕان بە دوای تۆدا،

لەگەڵ خۆشەویستی، بروک

-

دایکە، بمبورە، هیچ هۆکارێکیشم نییە بۆ ئەو داوای لێبوردنە.

-

باوکی خۆشەویستم،

من و ئیسحاق زۆر دڵخۆشین کە لەگەڵ تۆ دەمێنینەوە! ئێمە هەمیشە بیرت دەکەین! هیوادارم تۆ و دایکم بگەڕێنەوە بۆلای یەک، بەڵام ئێوە ئەمە ناکەن، چونکە دەزانین دایکم تۆی خۆشناوێت.

-

خودای خۆشەویست،

زۆر سوپاست دەکەم کە برایەکی بچووکت پێبەخشیم، بەڵام ئەوەی دوعام بۆ دەکرد بەچکە سەگێک بوو.

جۆیس،

-

بۆ دایک و باوکی خۆشەویستم،

نان بۆ من ئامادە مەکەن چونکە من برسیم نییە.

ئەم نامەیە لە خەمگینترین کەسی دونیاوە بۆتان هاتووە،

-

دایکە، هەندێکجار خۆشم دەوێیت!!!!!

-

بۆ برۆدی،

مامۆستا (پی) وایلێکردم ئەم نامەیە بنووسم، دەمەوێت داوای لێبوردن بکەم، نەک لەبەر ئەوەی ئەمەوێت داوای لێبوردن بکەم. من ویستم وا لەخۆم بکەم کە داوای لێبوردن بەکەم بەڵام نەمتوانی.

لیام،

-

بۆ دایکی خۆشەویستم،

زۆر سوپاست دەکەم کە خواردن بۆ من دروست دەکەیت تاکو لە برسا نەمرم.

-

دایکە،

تۆم لە پەلکەزێڕینە خۆشتر دەوێت. تۆم لە ئاسمانی شین خۆشتر دەوێت، تۆم لە پوپولە خۆشتر دەوێت، تۆم لە مانگایەک خۆشتر دەوێت.

-

دایکە

مانگای دراوسێکەمان لە باخچەکەی ئێمە پیسایی کرد، منیش بڕیارمدا هەمان کار بکەم.

-

بۆ دایک و باوکم،

من لە ئێوە تۆڕەم، نامەوێت ئەمڕۆ و بەیانی قسەتان لەگەڵ بکەم.

تێبینی، من ئێوەم هەر خۆشدەوێت.

-

بۆ خودای خۆشەویست،

رەنگە ئەگەر هابیل و قابیل ژووری خۆیان هەبێت، ئیتر یەکدی نەکوژن چونکە من و براکەم وا کێشەکەمان چارەسەربوو.

لاری،

-

بۆ خودای خۆشەویست،

بۆچی لە جیاتی کوشتنی ئەوانەی ئێستا دەژین، خەڵکی نوێ دەهێنیت، بۆچی ئەمانەی ئێستا بەیەکەوە ناهێڵیتەوە؟

-

بۆ خودای خۆشەویست،

من هەندێکجار بیر لە تۆ دەکەمەوە، تەنانەت ئەو کاتانەشی کە نوێژ ناکەم.

-

خودای ئازیز، تکایە وام لێبکە درێژترببم و خێراتر رابکەم.

H.J