كيم جۆنگ ئون: له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتن گفتوگۆیه‌كی به‌ سوودمان ئه‌نجام دا

یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی نێوان كیم و پوتن به‌ڕێوه‌ چوو

K24 - هه‌ولێر:

كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی نێوان كیم جۆنگ، سه‌رۆكی كۆریای باكوور و ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا له‌ شاری ڤیلادیڤۆستۆك به‌ڕێوه‌ چوو، كه‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی نێوانیانه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌، كیم جۆنگ ئون رایگه‌یاند، گفتوگۆكانی ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌ سوود بوونه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ی زانیاريی میدیاكانی رووسیا، تایبه‌ت بووه‌ به‌ داماڵینی چه‌كی ناووكی له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی كۆریا.

هاوكات پەیوەندییەكانی نێوان ھەردوو وڵات له‌ رووی ئابووری و سیاسیی نێوان رووسیا و كۆریای باكوور تاووتوێ دەكرێن.

لە دیدارەكەدا، پوتن رایگەیاندووە، رووسیا پێشوازيی لە ھەوڵەكانی كۆریای باكوور بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەمریكا دەكات. 

كۆبوونەوەی كیم و پوتن دوای ئەوە دێت، كە سەركردەی باڵای كۆریای باكوور دوو جار لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا كۆبووەتەوە، بەڵام ھێشتا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.