سەرۆک بارزانی به‌هانای لێقه‌وماوانی لافاوه‌كانی مووسڵه‌وه‌ ده‌چێت

داوای بەهانەوەچوون لە سەرۆک بارزانی کراوە

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆک مسعود  بارزانی وەڵامی بانگەوازی قایمقامی شاری مووسڵ دەداتەوە و دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ یارمەتیدانی لێقەوماوانی باران و لافاوەکەی شاری مووسڵ راسپارد.

دوای ئەوەی رۆژی هەینی رێککەوتی 07/12/2018،  زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی شاری مووسڵ، داوای لە سەرۆک بارزانی کرد کە بە هانای شاری مووسڵەوە بچێت و یارمەتی ئاوارەکان و خەڵکی لیقەوماوی لافاو و بارانبارینەکانی ئەم دواییە بدات، سەرۆک مسعود بارزانی بەپیر ئەو بانگەوازەوە هات و دەزگای خێرخوازی بارزانی راسپارد بۆئەوەی بە هانای ئاوارەو لێقەوماوانی لافاوەکانی ئەم دواییەی شاری مووسڵ بچێت.

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانەی عێراق، کوردستان و ناوچەکەی گرتۆتەوە، لافاو دروستبووە و زیانێکی زۆری بە سەدان هاووڵاتی گەیاندووە.

شاری مووسڵ تاکو ئێستاش وێرانەیە و جەنگی داعش زیانی زۆری پێگەیاندووە، باران و لافاویش هێندەی دیکە ژیانی دانیشتوانی ئەو پارێزگایەی سەختکردووە.