85 رۆژنامەنووس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوونە

حاکم ئازاد حەمەدەمین: ھەر دەزگایەك زانیاری لە سەندیكای رۆژنامەنووسان بشارێتەوە سزا دەدرێت

K24 - ھەولێر

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ئاشكرای دەكات، 85 رۆژنامەنووس تووشی كۆرۆنا بوونە و زۆربەشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانین. ئاماژە بەوەشدەدات، ھەندێك دەزگای راگەیاندن زانیارییەكانیان لێدەشارنەوە و ژمارەی تووشبووانی رۆژنامەنووسان بە كۆرۆنا ئاشكرا ناكەن.

حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی رۆژباش بە كوردستان24ی راگەیاند: "تائێستا 85 رۆژنامەنووس لە ھەرێمی كوردستان تووشی كۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەشدا شەش رۆژنامەنووسیان ئافرەتن، زۆربەی ئەو رۆژنامەنووسانەی تووشی كۆرۆنا بوون لە سنووری پارێزگای سلێمانین. بەداخەوە رۆژنامەنووسێكیش گیانی لەدەستداوە".

گوتیشی: "بەشێكی زۆر لەو رۆژنامەنووسانەی تووشی كۆرۆنا بوونە لەناو ستۆدیۆ و دەزگاكانن، نەك پەیامنێر و رۆژنامەنووسە مەیدانییەكان، لەمەشیاندا یەكەمجار كارگێڕی دەزگاكان بەرپرسن".

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسان، ئەوەشی خستەڕوو: "تائێستا ھەندێك لە دەزگاكانی راگەیاندن زانیاری لەبارەی تووشبوونی كارەمەندەكانیان بە كۆرۆنا لە ئێمە دەشارنەوە، كە ئەمە ھەڵەیە، چونكە پێویستە ئاشكرا بكرێت و لە دەزگاكە رێکار بگیرێتەبەر، ھەروەھا ئەگەر لە دەزگایەك ژمارەیەكی زۆر رۆژنامەنووس تووشی كۆرۆنا بوون، دەبێ رێكارەكان توندتربن و بیر لەوە بكرێتەوە دەزگاكە كەرەنتین بكرێت بۆ سەلامەتی دەزگاكە و رۆژنامەنووسان".

حاکم ئازاد، باسی لەوەشكرد: "ئەو دەزگایانەی زانیاریمان لێدەشارنەوە سزا دەدرێن، یەكەم سزاشیان ئەوەیە ھەفتەی داھاتوو ناوەكانیان ئاشكرا دەكەین و رایدەگەیەنین كە چەند رۆژنامەنووس لەو دەزگایانە تووشی كۆرۆنا بوونە".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێستا میدیاكاران وەك ھێزەكانی ئەمنی و پێشمەرگە بەردەوام لە ئەركدان، بڕیار و رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەبێ رۆژنامەنووسان سەركەوتوو نابێت، بۆیە لەسەرەتادا ئێمە لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لەسەر ئەوە رێككەوتووین كە دەبێ ئاسانكاری بۆ رۆژنامەنووسان بكرێت".

نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان راشیگەیاند: "ژیانی رۆژنامەنووسان لە كارەكەیان گرنگترە، بۆیە دەبێ رۆژنامەنووسان پارێزراوبن".

جەختیكردەوە: "كاری رۆژنامەنووس گەیاندنی زانیارییە، ناكرێ رۆژنامەنووس لە جیاتی حكومەت و وەزارەتی ناوخۆ قسە بكەن و ببن بە لایەنگر، چەندین جار ھەندێك دەزگای راگەیاندنمان لەسەر ھەندێك پێشێلكاری و لادان لە كارە راستەقینەكەیان ئاگادار كردووەتەوە".