پێش ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانە بکرێت سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا نامەیەکی نووسیوە

نامەیەک لە سەرۆک وەزیرانەوە بۆ گەلی بەریتانیا

K24 – هه‌ولێر:

پێش ئەوەی بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ببرێت بۆ نەخۆشخانە و بخرێتە ژێر چاودێریی ورد، نامەیەکی بۆ گەلی بەریتانیا نووسیوە.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا نووسیویەتی، لە ماوەیەکی کەمدا، ژیانی رۆژانەمان زۆر گۆڕاوە، نەک تەنها خۆمان، بەڵکو ئەوانەشی کە خۆشمان دەوێن و کۆمەڵگەکەشمان.

"تێدەگەم کە ژیان و کارتان تێکچووە، بەڵام هەموو ئەو هەنگاوانەی نراون، زۆر پێویستن. ئەگەر ژمارەیەکی زۆر خەڵک پێکەوە نەخۆش بکەون، کەرتی تەندروستی ناتوانێت خۆی بگرێت. بۆیە دەبێت رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکەین"، بۆریس جۆنسن کە لە رۆژی یەکشەممەوە لە نەخۆشخانەیە نووسیویەتی.

ئەوەیشی خستووەتەڕوو، ئێمە تەنها یەک شتی سادەتان پێدەڵێین، ئەوەیش ئەوەیە دەبێت لە ماڵەوە بمێننەوە.

دەشڵێت، دەزانم نیگەرانی زۆرتان لەبارەی دۆخی ئابووریتان هەیە، حکومەت ئەوەی بۆ هاوکاری پێیبکرێت، دەیکات. تکایە بزانن کە شتەکان پێش ئەوەی باش بن، خراپتر دەبن، بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، پەیڕەویی رێنماییەکان بکەن، تاوەکو کەمترین خەڵک لەدەست بدەین و ژیان بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

The Independent