بافل تاڵه‌بانی نووسینه‌كه‌ی له په‌یجی خۆی سڕییه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
بافڵ تاڵه‌بانی، كوڕه گه‌وره‌ی مام جه‌لال تاڵه‌بانی، سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، دوای ئه‌وه‌ی پۆستێكی له باره‌ی قه‌بووڵكردنی "پێشنیازی وڵاتان" بۆ دواخستنی ریفراندۆم بڵاوكرده‌وه، ئێستا نووسینه‌كه‌ی له په‌یجه‌كه‌ی خۆی لاداوه.
وێڕای ئه‌وه‌ی میدیاكانی نزیك له باڵێكی نێو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، بره‌وی زۆریان به‌و نووسینه دا و وایان بڵاوكرده‌وه، گوایه ریفراندۆم ئه‌نجام نادرێت، به‌ڵام هه‌ر زوو ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم، ته‌واوی نووسینه‌كه‌ی بافڵی ره‌تكرده‌وه و ته‌واوی ده‌نگۆكانیشی به‌درۆ خسته‌وه و رایگه‌یاند، ریفراندۆم له كاتی دیاریكراوی خۆی ئه‌نجام ده‌درێت.
لای خۆیه‌وه پارتی دیموكراتی كوردستان، له راگه‌یه‌ندراوێكدا، ره‌تیكرده‌وه هیچ پێشنیازێك بۆ دواخستنی ریفراندۆم قه‌بووڵ كرابێت و به هه‌مان شێوه، دووپاتی كرده‌وه، ریفراندۆم دواناخرێت و له كاتی خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت.
سه‌رچاوه‌یه‌كیش له نووسینگه‌ی بافڵ تاڵه‌بانی رایده‌گه‌یه‌نێت، په‌یجه‌كه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك هاككراوه و له ژێر كۆنتڕۆڵی ئه‌ودا نه‌ماوه.