وەزارەتی كارەبا: 350 مێگاوات كارەبا زیاد دەكرێت

.

K24 - ھەولێر

وەزارەتی كارەبای حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا ئاشكرای كرد، 350 مێگاوات كارەبا زیاد دەكرێت و لە 15ی ئەم مانگەش، وێستگەی خەبات بەكاردەكەوێت و 150 مێگاواتی دیكە دەكەوێتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستانەوە.

دەقی روونكردنەوەیەك لەوەزارەتی كارەبا:..

بۆ پاڵپشتیكردنی وەزارەتی پەروەردەو سەركەوتنی ئەزموونەكان لەپێناو خزمەتكردنی قوتابیان و بە دەنگەوەهاتنی نووسراوی وەزارەتی پەروەردە بۆ هاوكاریكردنیان لە رۆژانی تاقیكردنەوە گشتییەكانی قۆناغی ئامادەیی و دابینكردنی كارەبای بەردەوام بۆ هۆڵەكانی تاقیكردنەوە گشتییەكان، وەزارەتی كارەبا جگە لەوەی بەپێی ئەو توانایەی لەبەردەستیدایە هاوكاریی سەرخستنی تاقیكردنەوەكانی قوتابیان دەكات، هاوكات بەبڕیاری ئەندازیار كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا چەند هەنگاوێكی گرنگ دەنرێت بەمشێوەی خوارەوە:

1- زیادكردنی یەكەیەكی كارەبا بەتوانای 100 مێگاوات لە وێستگەی دهۆك لە 8ی بەیانی تاكو 12ی نیوەڕۆ، ئەم زیادكردنەش دەخرێتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستانەوە بۆ سەرجەم پارێزگاكان سوودی لێوەردەگرن.

2- ڕاگرتنی پێدانی كارەبا بەكارگەكان كە بڕەكەی 250 مێگاوات كارەبا دەبێت لەرۆژانی ئەزموونەكان لە 8ی بەیانی تاكو 12ی نیوەڕۆ.

3- سەرجەم ئەو كارەبایەی كە زیاد دەكرێت بڕەكەی 350 مێگاوات دەبێت .

4- پاش 15/7/2020 یەكەیەكی دووەمی وێستگەی خەبات بەكاردەكەوێت و 150 مێگاواتی دیكە دەكەوێتە ناو تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستانەوە .