مەلا بەختیار: كاندیدەكانمان لە ناوچە كێشە لەسەرەكان ئازاد نین

"لیستە عەرەبەكان بە ئازادی لە سلێمانی ئیش دەكەن"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور و مادده‌ی140.  ئاماژە بەوەشدەكان، كاندیدەكانیان لەو ناوچانە ئازادنین و بەرپرسەكانیان ناتوانن بە ئازادی سەردانی ئەو ناوچانە بكەن.

مەلا بەختیار بە كوردستان24 گوت: "سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازی و ئەمنی لە ناوچە كێشە لەسەرەكان، پێچەوانەی دەستوور و ماددەی 140 و زەوتكردنی ئازادی ئەو حزبانەیە كە مۆڵەتی فەرمیان لەم وڵاتە ھەیە، ھەموو حزبەكان بە شێوەیەك لە شێوەكان ئازادیان زەوتكراوە و پێشێلكاریان بەرامبەر دەكرێت، بۆیە ئێمە وەك یەكێتی نیشتمانی كورستان تەنھا بەرگریمان لەخۆمان نەكردووە، بەڵكو بەرگریمان لە ھەموو حزبەكانی دیكەش كردووە".

مەلا بەختیار گوتیشی: "بێگومان ئازاد نەبیت، كاریگەری دەبێت لەسەر دەنگەكان، لە ناوچە كێشە لەسەرەكان كاندید ناتوانێ بە ئازادی قسە بكات و بەرپرسەكانمان ناتوانن بە ئازادی بچنە ئەو ناوچانە، ئەمە لەكاتێكدایە ھەموو لیستەكانی عێراق لە سلێمانی بە ئازادی ئیش دەكەن و دەیانپارێزین".

ھ.م