"له‌ هه‌رێمی كوردستان موعجیزه‌ روویداوه‌و پابه‌ندین به‌ سه‌ركه‌وتنی كورد"

ماكماسته‌ر: چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا له‌ پێشینه‌ی كاره‌كانی سه‌رۆك و تیلرسن و هه‌موو تیمی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكایه‌

K24 - هه‌ولێر:

جه‌نه‌راڵ، هێربه‌رت ماكماسته‌ر، راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پابه‌نده‌ به‌ سه‌ركه‌وتنی گه‌لی كوردستانی عێراق وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رده‌می جه‌نگی دووه‌می كه‌نداو كردمان و پێوه‌ی پابه‌ندبووین".

ماكماسته‌ر له‌ كۆنگره‌ی ساڵانه‌ی دامه‌زراوه‌ی جیمس تاون گووتی: "چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق كاری له‌ پێشینه‌ی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ و ریكس تیلرسن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌و هه‌موو تیمی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكایه‌".

راوێژكاری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا روونیكرده‌وه‌ كه‌ "ساڵی 1991 ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هاوكاری كوردی كرد و رێگه‌ی له‌و كرده‌وه‌ شه‌رمه‌زاریانه‌گرت كه‌ گه‌لی كوردی له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرد ئامانج. ئه‌ویش له‌ رێگای پرۆسه‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی ئارامی و ماوه‌ی 12 ساڵ تا 2003 درێژه‌یكێشا، تا ئه‌وكاته‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له‌ چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ئازادی عێراق، رژێمی "سه‌دام حسێن"ـیان رووخاند".

ماكماسته‌ر گوتوویه‌تی: "ئه‌وه‌ی پاشتر روویدا، بینیمان هه‌رێمی كوردستان گه‌شه‌ی كرد و بوژایه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ئه‌و رووداوانه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ هه‌رێمه‌كه‌ روویدا، ده‌بینین "موعجیزه‌" روویداوه‌، شاره‌كانی (هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك) جوان بوون، خه‌ڵكی گه‌ڕانه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان، سه‌ره‌ڕای ئابوورییه‌كی لاواز، به‌ڵام ژیان و جووڵه‌مان بینی".

راوێژماری ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا كه‌ بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو ئه‌و ستراتیژه‌ نوێیه‌ی بۆ ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئاماده‌ی كردووه‌، له‌لایه‌ن دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی وویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئمریكاوه‌ رابگه‌یه‌نرێت و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی ئه‌مریكا پابه‌ندبن پێوه‌یه‌، باسی ئه‌وه‌یشی كردووه‌ "ده‌مانه‌وێت عێراق سه‌ركه‌وتوو و به‌هێز بێت، پێموایه‌ لایه‌نێكی گرنگی ئه‌و ھێزه‌، چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ململانێكان و گرژییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراقه‌، ئێمه‌ش پابه‌ندین به‌و چاره‌سه‌رییه‌وه‌".