بولگاریا بە تومەتی سیخوڕی دیبلۆماتكاره‌ رووسییەكان دەردەكات

"لە ساڵی 2016ـه‌وە كاری سیخوڕی بۆ بەرژەوەندی ھەواڵگری سەربازی رووسیا دەكەن"

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا، ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، 72 كاتژمێر مۆڵەتی داوەتە دوو دیبلۆماتكاری رووسی، بۆ ئەوەی بولگارییا جێبهێڵن، دوای ئەوەی داواكاری گشتی وڵاته‌كه‌یان بە "سیخوڕیكردن" تومەتباریكردن .

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بولگاریا گوتی: حكومەتی بولگاریا 72 كاتژمێر مۆڵەتی داوە بەو دوو دیبلۆماتكارە بۆ ئەوەی لە وڵات دەرچن و بالیۆزخانەی رووسیاش لە سۆفیا لەم بارەوە ئاگاداركراوەتەوە.

ئەمەش دوای ئەوە ھات، كە ئەمڕۆ داواكاری گشتی لە بولگاریا راگەیاندراوێكی دەرخست و تێیدا ئەو دوو دیبلۆماتكارە رووسیەی تومەتباركردووە بە تێوەگڵان لە كاری سیخوڕیدا بۆ بەرژەوەندی ھەواڵگری سەربازی رووسیا لە ساڵی 2016وە، بە ئامانجی دەستبەركردنی زانیاری لەسەر پلانەكانی نوێكردنەوەی سوپا، كە ئەمەش بە نھێنییەكانی دەوڵەت و نھێنییە فەرمییەكان ھەژمار دەكرێت.

لە راگەیاندراوەكه‌دا ھاتووە، "دادگا دۆسییەی ئەو تاوانەی داخست، چونكە تاوانباران پارێزبەندی دیبلۆماسییان ھەیە" و وەزارەتی دەرەوەشی لە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ئاگاداركردووەتەوە.

تاكو ئێستا رووسیا ھیچ لێدوان و وەڵامیكی بۆ ئەم پێشھاتانە نەبووە.

سەرچاوە: رۆیتەرز