پەرلەمانی عێراق ھەمواركردنەوەی چەند مادە و بڕگەیەكی دەستوور رادەگەیەنێت
K24 – ھەولێر
ئەمڕۆ لیژنەی ھەمواری دەستوری عێراقی لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبێتەوە و بڕیاریشە پێداچوونەوە بە ماددەی 140 بكەن و دواتر ھەمواركردنەوەی چەند مادە و بڕگەیەكی دەستوور ئاشكرا بكەن.
شڤان جەباری، پەیامنێری كوردستان24 رایگەیاند: "لیژنەی ھەمواری دەستوری عێراقی فیداڵ لە ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمڕۆ کوتا کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات، بڕیارە لە کۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بۆ ماددەی 140 بکەن، کە لە کۆتا ماددەکانی دەستوورە، پاشان بە فەرمی ئەو ماددە و بڕگانە رابگەیەنن کە ھەمواریان کردونەتەوە".
لە پاش خۆپیشاندانەکانی 25ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، یەکێک لە داواکارییەکانی شەقامی عێراقی ھەموارکردنەوەی دەستوور بوو، پەرلەمانی عێراقیش بۆ ئەم مەبەستە، لیژنەیەکی پێکھێنا بە سەرۆکایەتی ھەردوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەی یاسایی تاکو ھەر ماددە و بڕگەیەک پێویست بکات ھەمواری بکەنەوە.