سەرۆك بارزانی: عەفرینیش درێژكراوەی ئەو كارەسات و زوڵمەیە كە دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە

ئەنجوومەنی مەدەنیی رزگاریی عەفرین لە تاراوگە: سەركەوتنی پارتی مایەی ئومێدی هەموو لایەكە

K24 - ھەولێر

سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی مەدەنیی رزگاریی عەفرین لە تاراوگە كرد و لە دیداری نێوانیاندا سەرۆك بارزانی رایگەیاند، عەفرینیش درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و زوڵمەیە كە دەرهەق بە گەلی كوردستان كراوە.

بە گوێرەی سایتی فەرمی سەرۆك بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە 23/10/2018 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی، پێشوازی لە شاندێكی ئەنجوومەنی مەدەنیی رزگاریی عەفرین لە تاراوگە كرد.

لە دیدارەكەدا شاندی میوان پیرۆزبایی سەركەوتنی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستانیان لە هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان لە سەرۆك بارزانی كرد و رایانگەیاند كە بە سەركەوتنی پارتی سەربەرزن و سەركەوتنی پارتی مایەی ئومێدی هەموو لایەكە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی و مرۆیی عەفرین و رەوش و گوزەرانی دانیشتوانی عەفرین و ئاوارەكان و هەروەها هەڕەشەكانی گۆڕینی دیموگرافیی ئەو شارە لە لایەن هێزە جۆراوجۆرەكان تاوتوێ كرا و شاندی میوان سەرۆك بارزانیان لە وردەكاریی ئازاردانی خەڵك و پێشێلكارییەكان لە دژی كورد لەو ناوچەیە ئاگادار كردەوە و گلەییشیان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كە چاوپۆشیان لەو پێشێلكارییانە كردووە كە دەرهەق بە خەڵك و سرووشتی عەفرین دەكرێت.

لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەمەڕ ئاییندەی رۆژئاوای كوردستان و بارودۆخی عەفرین نیشاندا و ئەوەیشی خستەڕوو كە عەفرینیش درێژكراوەی ئەو زنجیرە كارەسات و زوڵمەیە كە دەرهەق بە گەلی كوردستان لە رابردوودا كراوە. هەروەها بەرچاوڕوونیی پێویستی لەبارەی هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و داهاتووی سووریا و عەفرین بۆ شاندی میوان خستەڕوو.