فازڵ میرانی وەڵامی لێدوانەکانی عەلی باپیر دەداتەوە

میرانی: پێکهێنانی حکوومەت نزیکە

K24 – هه‌ولێر:

فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان وەڵامی لێدوانەکانی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانی لە بارەی کابینەی داهاتووی حکوومەت دایەوە.

پێشتر، عەلی باپیر لەبارەی بەشداریکردنیان لە کابینەی داهاتووی حکوومەتدا رایگەیاندبوو: "حکوومەت خێری تێدا نەماوە و بە شایستەی نازانین بەشداریی تێدا بکەین".

فازڵ میرانی لە وەڵامی قسەکانی عەلی باپیردا رایگەیاند: "ئەمە بۆچوونی ئەوە و هەر کەسیش ئازادە چی دەڵێت".

راشیگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدەکانمانە، دەبێت لە پیلانی ناحەزان بیپارێزین و کێشەکانی چارەسەر بکەین".

لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتیش، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی دووپاتی کردەوە: "90%ی پرۆسەی پێكھێنانی حكوومەت تەواو بووە و لە چەند ھەفتەی داھاتووشدا وردەكارییەكان یەكلا دەبنەوە".

H.J