كەجەكە دیداری ئۆجەلان بە یاریی و شەڕی دەروونی دەزانێت

راگەیەندراوێك لەبارەی دیداری ئۆجەلان بڵاودەكەنەوە

K24 - ھەولێر

هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) راگەیەندراوێكی لەبارەی دیداری ئۆجەلان بڵاوكردەوە كە دوێنێ محەمەد ئۆجەلان، لە ئیمراڵی چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری بەندكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) كەوتبوو. كەجەكە ئەو دیدارە بە یاریی و شەڕی دەروونی دەسەڵاتدارانی توركیا ناودەبات.

لە راگەیەندراوەكەی كەجەكە ھاتووە: "دەسەڵات دەیەوێت بەرخۆدانەکەی ئێمە تێک بشکێنێ و بێ کاریگەری بکات، بەڵام ئێمە ئەو زوڵمەی شەڕی تایبەت و یارییەکانیشی باش دەناسین و لێیان تێدەگەین. لەبەر ئەوەش ئێمە بە یارییەکانی شەڕی تایبەت فریونادرێین و تاوەکو تێکشکاندنی دیواری ئیمراڵیی و کۆتایهاتن بە گۆشەگیریی و رەخساندنی دەرفەت بۆ ژیان و کاری ئازادیی رێبەر ئاپۆ لە بەرخودانەکەمان بەردەوام دەبین".

 كەجەكە راشیگەیاندووە: "ئەو دیدارە بە مانای ئەوە نییە، کە گۆشەگیریی کۆتایی پێهاتبێت، بۆیە گوشار و سزاکانی فاشیزم لە ئیمراڵی لە دژی رێبەر ئۆجەلان بەردەوامیی هەیە، لەبەر ئەوەش هەڵمەتەکەمان، کە ئێمە وەک گەلی کورد و بزووتنەوەی ئازادیی بە دروشمی (ئێمە گۆشەگیریی تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین) دەستمان پێکردووە، بەردەوامیی دەبێت، دەبێت هاوڕێیان، گەل و دۆستانمان بە هەڵە تێنەگەن، چاوپێکەوتنی 12ی کانوونی دووەم لە راستیدا بۆ تێکدانی هەڵمەتەكەیە، ئەوە لەلایەن دەسەڵاتی ئاکەپە–مەهەپەوە وەک هەوڵێکی شەڕی دەروونی رێکخراوە".

دوای چەندین جار داواكاری رۆژی شەممە 12/1/2019، محەمەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی چاوی بە ئۆجەلان كەوت.

پێشتریش دوای چەندین جار داواكاری پارێزەر و بنەماڵەی ئۆجەلان، لە 11/9/2016 محەمەد ئۆجەلانی برای لە ئیمراڵی چاوی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان كەوتبوو.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە 15 شوباتی 1999، لە پرۆسەیەکی ھەواڵگرییدا، لە کینیا دەستگیرکرا و بە فڕۆکەیەکی تایبەتی تورکیا لە لایەن رفێنەرەکانییەوە گواسترایەوە بۆ ئەنقەرە و لە دوورگەی ئیمڕاڵی بەندكرا.

ھ.م