ئامانج ره‌حیم: چەند پەیڕەوێکی تایبه‌ت لە چوارچێوەی چاکسازیی بۆ خانه‌نشینی و رێكخستنی پاسه‌وانان ئاماده‌ ده‌كرێت

هەموو بڕیارەکانه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بە کۆدەنگی نراون

K24- هەولێر:

ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەر بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیران بدرێت، بۆ کۆی دەنگی هەموو فراکسیۆنە بەشدارەکانی ناو حکومەت دەدرێت. لەماوەی 33 کۆبوونەوەی رابردوو، 65 بڕیار دراوە. هەموو بڕیارەکانیش بە کۆدەنگی بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەت لە ماوەی یەک ساڵی تەمەنی، چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکردوون وەک: بڕیاری سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لەسەر پرسە هەڵواسراوەکان، پەسەندکردنی بەرنامەی کاری وەزارەتەکان، دامەزراندنی زیاد لە پێنج هەزار مامۆستای گرێبەست، دامەزراندنی هەزار و 300 یەکەمی سەر کۆلێژ و پەیمانگاکان و پەسەندکردنی پرۆژەیاسای چاکسازیی.

لەبارەی دوایین هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ بەغدا،  ئامانج رەحیم رایگەیاند، گەشبینن بە گەیشتنە رێککەوتن و هەنگاوی زۆر باش نراون.

دووپاتیشکردەوە، چەند پەیڕەوێک لە چوارچێوەی چاکسازیی دەردەکرێت ئەوانیش: دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی، رێکخستنەوەی پاسەوانان و چاکسازیی کردن لە خەرجییەکان و دووبارە رێکخستنەوەی پەیکەری حکومەت.

دووپاتیشکردەوە، چاکسازیی تەنها زیادکردنی داهات و رێکخستنەوەی مووچە نییە، بەڵکو کابینەی نۆ چاکسازیی لە تەواوی جومگەکانی حکومەت دەکات.