ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد پەیامێكی توند ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ دەكات
K24 - ھەولێر
ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، نامەیەكی توند ئاراستەی كۆسرەت رەسوڵ، دەكات و بە بەرپرسیاری ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی سەركردایەتی حزبەكەی لە قەڵەمی دەدات و لەنامەكەدا دەڵێت "با ناوت وەك هەڵوەرێنەری چەپكە گوڵەكەی مام و یەكێتی نەچێتە لاپەڕەكای مێژووەوە".
لە نامەكەی ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، بۆ كۆسرەت رەسوڵ ھاتووە: "بۆ دواجار وەك خوشكێك داوات لێ دەكەم كە بەزووترین كات ئەو كۆبوونەوەیە سازبكرێت بۆئەوەی كە جەماوەری یەكێتی لەم دڵەڕاوكێ و چاوەڕوانییە نەجاتی بێت كە ئەوەش بەتەنیا داواكاری من نییە، بەڵكو هی هەموو ئۆرگان و مەكتەب و كادیر و ئەندام و لایەنگرانی یەكێتییە".
ھەروەھا دەڵێت: "هیوادارم كە بەرپرسیارێتی سەرشانی خۆت بە ئەمانەتەوە جێبەجێ بكەیت بۆئەوەی كە ناوت وەك هەڵوەرێنەری چەپكە گوڵەكەی مام و یەكێتی نەچێتە لاپەڕەكای مێژووەوە. پێویستە تاوەكو یەك شەممە (25/2/2018) كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەنجام بدرێت و رۆژی بەستنی كۆنگرە بە فەرمی رابگەیەندرێت، ئەگەر نا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی مێژوویی دەبنەوە".
ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و ھاوسەری جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتی پێشووی یەكێتییە و بە سەرپەرشتیاری باڵی دەستڕۆیشیتووی حزبەكە ناسراوە، بە گوێرەی زانیارییەكان ئێستا زۆربەی دەسەڵات و داھاتی ئەو حزبە لە دەستی ئەودان.
لە دوای كۆچی دوایی جەلال تاڵەبانی، سكرتێری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كێشە ناوخۆییەكانی ئەو حزبە زیاتر پەرەیان سەند و بەرھەم ساڵح، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی و ژمارەیەك سەردەكردە و بەرپرسانی ئەو حزبە دەستیان لەكاركێشایەوە.
پێشتریش لە دوایین كۆبوونەوەی ھاوبەشی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی، لە 15/2/2018، كە تایبەت بە دیاركردنی رۆژی كۆنگرەی چواری حزبەكە رێكخرابوو، ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی رۆژی 5 ئاداری وەك رۆژی كۆنگرە پێشنیاز كرد، داواشی لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبكەی كردووە كە لە ماوەی دوو ھەفتەدا وەڵامیان بداتەوە.
H.M