دەزگای خێرخوازیی بارزانی 210 تەن تەماتەی بەرهەمی جوتیاران دەکڕێت

وەک پاڵپشتییەک بۆ جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵی

K24- هەولێر:

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بە مەبەستی پاڵپشتی جوتیاران و کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیەکدا بە ماوەی حەوت رۆژ و رۆژانە 30 تەن بەرهەمی تەماتەی جوتیاران لە پارێزگای دهۆک دەکڕێتەوە و پاشان بەسەر ئاوارە و پەنابەرانی کەمپەکان دابەشی دەكات.

سێشەممەی رابردوو، 07-07-2020 دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە پارێزگای دهۆک، پڕۆژەی کڕینی بەرهەمی تەماتەی جوتیارانی راگەیاند، ئەمەش پاش ئەوەی زۆربەی بەرهەمی جوتیاران لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا ساغ نەبوونەوە.

عەبدولواحید ئەمین، بەرپرسی نووسینگەی دهۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەوبارەوە بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەم پڕۆژەیە لە ناوچەکانی دهۆک، سیمێل، زاخۆ، ئاکرێ، شێخان و بەردەڕەش جێبەجێ دەکرێت و کۆی گشتی بودجەی پڕۆژەکە 650 ملیۆن دینارە.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە رابردووشدا پڕۆژەی تایبەتی پێشکەشی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان کردووە کە تیایدا ئامێری کشتوکاڵی و خولی بەکارهێنانی ئامێرەکانی بۆ جوتیاران کردووەتەوە، هەروەها هاوکاری جوتیارانی کردووە لە کێڵان و دوورینەوەی بەرهەمی ساڵانەیاندا.