فوئاد حوسێن: هەوڵی چاکسازی ئابووری دەدەین

"دەرگای وەبەرهێنان بۆ سەرمایەداران واڵایە"

K24 - ھەولێر

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، عێراق هەوڵی چاکسازی ئابووری دەدات و دەرگای وەبەرهێنان بە رووی وەبەرهێنەران کراوەیە.

وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆز و پیاوانی کار لە وڵاتانی ئاسیا و ئەمەریکا و ئوستراڵیا رایگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندە بە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی رووبەڕووی تەحەداکان بێتەوە، ئەو قەیرانانەی بەرۆکی وڵاتیان گرتووە تێیان پەڕێنێت.

فواد حوسێن ئاماژەی بەوەدا، پێویستە گفتوگۆکردن بنچینەی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بێت لە ناوچەکە بێ ئەوەی دەست لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان وەربدرێت.

جەختیشی کردەوە، عێراق بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکاتەوە دەست لە کاروباری ناوخۆییەکەی وەربدرێت، کاری لە پێشینەی حکومەت بەهێزکردنی پەیوەندییەکانییەتی لەگەڵ وڵاتانی جیهان و کردنەوەی دیدگایەکی هاوبەشە کە لە بەرژەوەندی دوو لایەنە بێت.

وەزیری دەرەوە گووتیشی، حکومەت کار لەسەر چاکسازی سیستەمی ئابووری دەکات. ئاماژەی بەوەشدا دەرگای وەبەرهێنان لە عێراق کراوەیە.