كۆرۆنا و كوتلەكان پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق پەكدەخەن

"ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێككەوتن میكانیزمێك بۆ دەنگدان بە حكوومەت دەدۆزرێتەوە"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر   

ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە مەترسی لەبەردەم پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق، چونكە بۆ متمانەدان بە كابینەكە پێویستە پەرلەمان بە 329 ئەندامەوە كۆبێتەوە، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییە تەندروستییەكانە كە دژی كۆبوونەوە و قەرەباڵغییە.

موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی بڕوای وایە، ئەگەر لایەنەكان بگەنە رێككەوتن میكانیزمێك بۆ متمانەدان بە كابینەكە دەدۆزرێتەوە. پسپۆرێكی دەستووریش ئاماژە بەوە دەدات ئەگەر پەرلەمان بیەوێت بەھۆی كۆرۆناوە كۆنەبێتەوە، ئەوا پێویستە خۆی بڕیارەكە بدات، نەك حكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان داوایان لێبكات.

ئەگەر ھەیە قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ له‌ عێراق بۆ 16 مانگی داھاتوو درێژبكرێتەوە، بەڵام بەپێی دەستووری عێراق پشووی دامودەزگاكانی حكوومەت و قەدەغەی ھاتووچۆ كارناكاتە سەر 30 رۆژەكەی بەردەم سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكھێنانی حكوومەت، بە پێچەوانەوە رۆژەكانی لەسەر ھەژمارە و دوا وادەش 17 مانگی داھاتووە.

عەدنان زورفی، لە 17/3/2020 لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراقەوە، بۆ پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق راسپێردراو، بەڵام كۆرۆنا و بەشێكی كوتلە شیعەكان لەوانە فەتح و دەوڵەتی یاسا و سادیقون بوونەتە لەمپەری گەورە لەبەردەمیدا، تەنانەت لەسەر كاندیدكردنیشی سكاڵای یاساییان لەسەر سەرۆك كۆمار تۆماركردووە.