راگەیەندراوێك لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانه‌وه‌

"حكومه‌تی هه‌رێم شەهیدکردن و زیان گەیاندن بەهاووڵاتیان سه‌ركۆنه‌ دەکات لەلایەن هەر لایەنێك و بەهەر هۆکارێك بێت"

K24- هه‌ولێر:

له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، جووتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نیگه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی له‌ بۆردومانی ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ی دوایی ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌ راگه‌یاند.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم:

بە دڵگرانى و نیگەرانیەکى زۆرەوە چاودێرى رووداوەکانى ئەمڕۆ و چەند رۆژى رابردووى ناوچە سنووریەکان دەکەین، کە بووه هۆی گه‌ياندنى زیانى گیانی و ماددى بە هاووڵاتیانی سڤیل و گوندنشینانى ئەو ناوچانە.

حكومه‌تى ههه‌رێمى كوردستان سەرکۆنەی شەهیدکردن و زیان گەیاندن بەهاووڵاتیان دەکات لەلایەن هەر لایەنێك و بەهەر هۆکارێك بێت.

داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین، رێز له سه‌روه‌رى خاك و نيشتيمانمان بگرێت و پەکەکەش پێویستە ئەو ناوچانە چۆڵ بکات، تا چیتر نەبنە هۆکار بۆ دروستکردنى پشێوى لە ناوچە سنووریەکانى هەرێمى کوردستان.

حکومەتى هەرێمى کوردستان خوازیارى پەیوەندیى دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و نایەوێت لەناو خاکى هەرێمى کوردستان هێرش بکرێتە سەر هیچ وڵاتێك.

لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان دەکەین و هیواى چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەخوازین.

د.جوتیار عادل

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

19ی حوزەیرانی 2020

H.B