كۆمەڵگەیەكی پزیشكی لە رۆژئاوای مووسڵ كۆنترۆڵكرایەوە

ھێزەكانی عێراق كۆنترۆڵكردنەوەی ھێڵی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و ئوردن راگەیاند

K24 - ھەولێر

كۆمەڵگەی پزیشكی لە گەڕەكی شیفا لە رۆژئاوای مووسڵ لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی عێراق كۆنتڕۆڵكرایەوە.

فەریق روكن رائد شاكر جەودەت، فەرماندەی پۆلیسی فیدراڵی عێراق، كۆنتڕۆڵكردنەوەی كۆمەڵگەی پزیشكی و باڵەخانەی بانكی خوێنی لە گەڕەكی شیفا لە رۆژئاوای مووسڵی راگەیاند.

بە گوێرەی زانیارییەكان، لەو شەڕەدا 19 چەكداری داعش كوژراون و 6 ئۆتۆمبێل و 4 ماتۆڕسكیلی چەكدارەكان لەناوبراون و ئێستا پۆلیسی فیدراڵی 100 مەتر لە لێواری رووباری دیجلە نزیكە.

ھاوكات ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاشكرایكرد، تەنیا 3 كیلۆمەتر چوارگۆشە لە رۆژئاوای مووسڵ بە دەست چەكدارانی داعشەوە ماوە، كە 200 بۆ 300 چەكداری داعش بوونیان ھەیە.

لە لایەكی دیكەوە، ھێزەكانی عێراق، ھێڵی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و ئوردن كۆنتڕۆڵ دەكەنەوە.

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بڵاویکردەوە، ھێزەكانی سوپای پاسەوانی سنوور، حەشدی شەعبی و حەشدی هۆزەکان بە پاڵپشتی فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و هاوپەیمانان، توانییان ھێڵی سنووری عێراق لەگەڵ سووریا و ئوردن كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.

دوێنێ، هێزەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیان لەژێر ناوی فەجری نوێ بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق، سووریا و ئوردن دەستپێکرد و توانرا دەروازەی وەلید كۆنتڕۆڵ بكرێتەوە.

ھاوكات ھێرشێكی پێچەوانەی داعش لە نزیك ناوچەی عوكاشات لە رۆژئاوای ئەنبار شكستی پێھێنرا.