ئێران ئیدانه‌ی رێككه‌وتنی ئیمارات و ئیسرائیل ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئیران، به "توندی" ئیدانه‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلی كرد و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئیماراتی به "گه‌مژه‌یی ستراتیژی" وه‌سفكرد.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، "ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل هه‌نگاوێكی گه‌مژانه‌ی ستراتیژییه كه له لایه‌ن ئه‌بوزه‌بی و ته‌لئه‌بیبه‌وه نراوه و به‌رئه‌نجامی ئه‌و هه‌وڵه‌ش به‌هێزبوونی زیاتری سووڕگه‌ی به‌ره‌نگاری له ناوچه‌كه لێده‌كه‌وێته‌وه".
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "گه‌لی سته‌مدیده‌ی فه‌له‌ستین و سه‌رجه‌م گه‌لانی ئازادیخوازی جیهان هه‌رگیز له پرسی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ كیانێكی داگیركا‌ر و تاوانكاری وه‌ك ئیسرائیل خۆش نابن".
هه‌روه‌ها هاتووه: "كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ئه‌بوزه‌بی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كیانی زایۆنی به ساخته و ناشه‌رعی و پێچه‌وانه‌ی به‌ها مرۆییه‌كان ده‌زانێت و هۆشداریش ده‌دات له هه‌ر ده‌ستوه‌ردانێكی ئیسرائیل له هاوكێشه‌كانی ناوچه‌ی كه‌نداو و راشیده‌گه‌یه‌نێت حكومه‌تی ئیمارات و سه‌رجه‌م حكومه‌ته‌كانی هاوشێوه‌ی به به‌رپرسیار له هه‌ر لێكه‌وته‌یه‌كی ئه‌و هه‌نگاوه ده‌زانێت".