سەفین دزەیی: نوێنەرایەتی لە تورکیا و وڵاتانی عەرەبی و ئاسیاوی دەکەینەوە

حکومەت هەرێم پێگەیەکی بەهێزی لە دەرەوە هەیە

K24- هەولێر:

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لە لێدوانێکدا لە بارە تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر تەمەنی کابینەی نۆی حکومەت و کاروچالاکییەکانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرەڕای بەربەست و قەیرانەکان، حکومەت هەنگاوی زۆر باشی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ناوە.

راشیگەیاند، بەشداریکردنی حکومەت لە کۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبونەوەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی واشنتن، دیدارەکانی سەرۆکی حکومەت لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، سەردانی ڤاتیکان و دیداری لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا و شا عەبدوڵڵای ئوردن و کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا هەنگاوی گەورە بوون بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا کار لەسەر کردنەوەی نوێنەرایەتی زیاتر لە وڵاتان دەکەین و لەوانەش وڵاتانی عەرەبین، هەروەها وڵاتانی ئاسیاویش دەمانەوێت نوێنەرایەتی لێ بکەینەوە.

گووتیشی، تورکیاش داوای کردووە حکومەتی هەرێم نوێنەرایەتی خۆی لەوێ بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئەم دۆخەوە کارەکان راگیراون.

سەفین دزەیی لەبارەی پێگەی هەرێم لە دەرەوە گووتی، رەنگە هیچ هەرێمێک هێندەی هەرێمی کوردستان قورسایی خۆی نەبێت لە وڵاتان، ئەمەش لە سەردانی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان بە دیار دەکەوێت.