یەکێتیی ئەوروپا پشتیوانیی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا
ئاڵای یەکێتیی ئەوروپا

K24 - هەولێر

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق پشتیوانی و هاوکاریی یەکێتییەکە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دووپات دەکاتەوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە، هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، هيرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیلە.

ئەمڕۆ شەممە، 27-04-2024، تۆماس سەیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەیشی بۆ بریندارانی هێرشەکە خواست.

باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "ئەم هێرشانە هەموو پەلاماری هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن؛ بێجگە لەمە هیچ دەرئەنجامێکی دیکەی نییە".

یەکێتیی ئەوروپا، وەکو ئەوەی تۆماس سەیلەر باسی کردووە، "زیاتر هاوکار دەبێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی ئاسایش، سەقامگیری و چاکسازی".

ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 26-04-2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون. 

کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە پارێزگای سلێمانی. لە ساڵی 2003وە لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی هەرێمدایە. لە ئۆکتۆبەری 2008ـەوە دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی غاز تیایدا، بەرهەمی ڕۆژانەی 450 ملیۆن پێ سێجایە و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بۆ 500 ملیۆن پێ سێجا بەرز ببێتەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر دابینکەری لە سەدا 67ی کارەبای هەرێمی کوردستان واتە بە تێکڕا سێ هەزار و 700 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەرهەمی غازەکەی لە ڕێگەی لوولەوە ڕەوانەی وێستگەی کارەبای هەولێر و چەمچەماڵ دەکرێت. یەدەگی ئەو غازە سرووشتییەی لە کۆرمۆردا هەیە بە یەک ترلیۆن و 800  ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت. 

جگە لە غازی سروشتی بەرهەمی گازی شل یاخود ئێڵ پی جی نزیکەی هەزار تۆنی ڕۆژانەیە، 22 هەزار بەرمیل نەوتی کۆندێنسەیتی ڕۆژانە لێ بەرهەم دەهێنرێت کە لە ماوەکانی پێشوودا ئەم بڕە بۆ بەرزکردنەوەی کوالێتییەکەی تێکەڵی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرا.

 بەپێی گرێبەستێک کە لە مانگی چواری 2007 لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆر کردووە، کۆرمۆر لەلایەن هەردوو کۆمپانیای دانەغاز و گیسنت پترۆلیۆمەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

بەهۆی گرنگییە ئابوورییەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ناو بەناو ئەم کێڵگەیە لەلایەن میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانەوە دەکرێتە ئامانج، گەورەترین هێرشەکانیش لە 22 حوزەیران، 12ی تشرینی یەکەمی  2022، 26ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ و 25ی نیسانی ئەمساڵ بوون.