خانەوادەی پێشمەرگە دیلەكان داوای رزگاركردنی كوڕەكانیان دەكەن

دەخوازن كوڕەكانی ئەوانیش وەك سەید ئەحمەد رزگار بكرێت
kurdistan24.net

K24 - كەركووك

ژمارەیەك لە كەسوكاری پێشمەرگە دیلەكانی دەست داعش، لە كەركووك گردبوونەوەیەكیان رێكخست و داوا ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان ھەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ رزگاركردنی كوڕەكانیان.

تارق، باوكی ئاسۆ، كوڕەكەی یەكێكە لەو پێشمەرگانەی بە دیلی كەوتووەتە دەست داعش بە كوردستان24 گوت: "داوا دەكەین حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ رزگاركردنی كوڕەكانی ئێمەش بێنەدەنگ، زۆر پێمان خۆش بوو سەید ئەحمەد رزگار كرا، كە بینیم لە خۆشیان گریام، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئێمە زیاتر لە دوو ساڵە چاوەڕێین بۆ چارەنووسی كوڕەكانمان دیار نییە؟ دەچینە لای ھەر بەرپرسێك دەرگا لە روومان دادەخرێت یان بە قسەی خۆش بە رێمان دەكەن، حكوومەت بە كەمتەرخەم دەزانین لەو بابەتە".

گوتیشی: "داوا دەكەین ئەو بابەتە بە حزبی نەكرێت و ھەموو لایەك پێكەوە ھەڵبدەن بۆ رزگاركردنی كوڕەكانمان، كوڕەكانمان بەرگریان لە كەركووك كردووە نەك لە حزبێكی دیاریكراو".

بەشداربووێكی دیكەی گردبوونەوەكە گوتی: "من برام شەھید بووە، بەڵام نازانین تەرمەكەی لە كوێیە، دەمانەوێت تەرمەكەی ببینین و وەك شەھیدانی دیكە گۆڕی دیاربێت".

ئەمە لەكاتێكدایە، دوێنێ پێشمەرگەیەك بەناوی سەید ئەحمەد كە پێشتر لە میحوەری خورماتوو لەلایەن داعش بە دیل گیرابوو رزگاركرا.