بەشێک لە هۆزەکانی باشووری عێراق کچان لەبری خوێن دەدەن بە یەکدی

کچان لە بری خوێن دەدرێن و کێشەکانیان پێ چارەسەر دەکەن

K24 – هه‌ولێر:

تا ئێستاش دابونەریتی ھۆزگەرایی كە بەھۆیەوە زۆرجار ئافرەتان دەبنە قوربانی لە باشووری عێراق پەیڕەو دەکرێت.

كاتێك كێشەیەك لەنێوان دوو ھۆزدا روودەدات، زۆرجار كچان لەبری سوڵحەكە دەدرێن، بۆیە بەشێك لەو كچانە پەنا بۆ خۆكوشتن دەبەن.

کوردستان24  رووداوێكی راستەقینە کە لە باشووری عێراق روویداوە دەگێڕێتەوە، چۆن ئافرەتێك دوای مارەكردنی بە زۆر لە ئامۆزاكەی، خۆی دەسوتێنێت و كۆتایی بە ژیانی دێنێت.

حامد جاسب، سەرۆک هۆز، لە بارەی رێککەوتنی عەشیرەتەکان لە رێگای ئافرەتانەوە دەڵێت: "كاتێك دوو عەشیرەت كوشتن لەنێوانیاندا دەبێت، عەشیرەتی بكوژەكە ئافرەتێك، دووان یان سیان بە عەشیرەتەكەی دیكە دەدات، لەسەر ژمارەكە رێكدەكەون، بەمەش خاڵ و خوارزایەتی دروست دەبێت".

دەشڵێت: "كاتێك ئەو ژنەی لە سوڵحەكە دراوە منداڵی دەبێت، پەیوەندی خزمایەتی لەنێوان ھەردوو عەشیرەتەكە دروست دەبێت، بابەتی تۆڵەكردنەوە دەوەستێت ".

سەرەڕای ئەوەی ئەم دیاردانە لە باشووری عێراقدا بە زەقی دەبیندرێن، لە ھەندێك ناوچەی ھەرێمی كوردستانیش، بەزۆر بەشوودان و خۆكوشتنی ژنان ھەر ماوە، تەنانەت لەھەندێك شوێن لەبری خوێنیش دەدرێن.

H.J