جارێكی دیكهش عێراق پێشمهرگهی فهرامۆشكرد
K24- ههولێر:
ئەندامێكی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای دەکات، لە بودجەی ساڵی ٢٠١٩ ی عێراق، ھیچ بەشێک بۆ پێشمەرگە دانەندراوە، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکات، فراکسیۆنە کوردستانیەکان بەرامبەر ئەو ستهمكاریهی بەرامبەر پێشمەرگە کراوە، دەستەوەستان نەبن.
لهمبارهیهوه شاخەوان عەبدوڵا دەڵێت: "پێشتر بەھۆی ھاوکاری نەکردنی ھەندێ فراکسیۆنی کوردی، نەتواندرا لە دانانی پشکی پێشمەرگە سەرکەوتوو بین".
لیژنەی پێشمەرگەش لە پەرلەمانی کوردستان نیگەرانە لەوەی بۆ ساڵێکی دیکەش عێراق پێشمەرگەی پشتگوێ خستووە، بۆیە داوا دەکەن فراکسیۆنە کوردستانیەکان له بەغدا، بە فشارەکانیان ئەو مافەی پێشمەرگە بەدەست بھێننەوە، شیلان شێخ جەعفەر، سەرۆکی لیژنەکەش دەڵێت: "ئەگەر چاومان لە حکومەتی عێراق بێت، پێناچێت ساڵی داھاتووش ساڵی دارایی بێت بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە".
لە دەستووری عێراق چەسپاوە، کە پێشمەرگە بەشێکە لە سیستەمی بەرگری عێراق، ھەر ھێزێکیش سەر بەو سیستەمە بێت، ھاوتای ھێزەکانی دیکە ھەموو مافێک دەیگرێتەوە، بەڵام چەندین ساڵە حکومەتی عێراق، ئەو مافە پێشێل دەکات، بە پێچەوانەوە حەشدی شەعبی کە لە دەرەوەی وەزارەتی بەرگری دامەزراوە، چەند ساڵێکە بەشێکی گەورەی لە بەشە بودجەی وەزارەتی بەرگری بۆ تەرخان دەکرێت.
H.B