زۆربەی تووشبووانی کۆرۆنا لە کوردستان لە خوار تەمەنی 40 ساڵیدان

گەنج هەبووە نەخۆشیی درێژخایەنی نەبووە و بەکۆرۆنا گیانی لەدەستداوە
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

زۆربەی ئەو کەسانەی لە ھەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 39 ساڵیدایە و کەمترین منداڵ تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی باس لەوە دەکات بەشێکی زۆری ئەو کەسانەی ئێستا لە نەخۆشخانەکانی ھەرێمی کوردستان چارەسەر وەردەگرن گەنجن و، ھیچ نەخۆشییەكی درێژخایەنیان نییە، بەڵام نیشانەی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە روونی پێوەدیارە.

محەمەد قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دەڵێ "زۆربەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەسەرووی 50 ساڵەوە بووە و نەخۆشیی درێژخایەنیان هەبووە، بەڵام خاڵێکی گرنگ هەیە کە دەبێت باس بکرێت؛ گەنج هەبووە بە کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە کە هیچ نەخۆشییەکی دیکەی نەبووە و ئەمەش نیشانەیەکی ترسناکە".

شارەزایانی تەندروستی دەڵێن کۆرۆنا مەترسیدارە بۆ ھەموو تەمەنێک، بەڵام کەمتر مەترسی لەسەر ژیانی منداڵان دروست دەکات و، ئەوان باشتر چارەسەر وەردەگرن.

بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، بەشی زۆری تووشبووان بە کۆرۆنا لە کوردستان تەمەنیان لەنێوان 30 بۆ 39 ساڵە، بەشی زۆری مردووان لە سەرووی 50 ساڵییەوەن و لە خوار تەمەنی 40 ساڵیشدا 15 حاڵەتی مردن تۆمارکراون، چەند حاڵەتێکی مردنیش تۆمارکراون کە ھیچ نەخۆشیەکی درێژخایەنیان نەبووە.

 

هـ.ر.