ئه‌مه‌ریكا: پشتیوانی لە حکو‌ومەتێکی بەهێز و یەکگرتووی هەرێمی کوردستان ده‌كه‌ین

له‌ چوارچێوه‌ی عێراق

K24 - هه‌ولێر:

ماکماستەر راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دەڵێت: ئەمریکا پشتیوانی لە حکومەتێکی بەهێز و یەکگرتووی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵ دەکات.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەریەکە لە فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەیانی سامی عەبدولڕەحمان، بەرپرسی نووسینگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن، لەگەڵ ماکماستەر، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا کۆبوونەوە.

لە راگەیێندراوەکەیدا، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دووپاتیکردووەتەوە، ئەمریکا پشتیوانی لە حکوومەتێکی بەهێز و یەکگرتووی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکرات و فیدراڵ دەکات.

هاوکات لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی دۆخی عێراق، هەرێمی کوردستان و گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ کراوەتەوە.